وەزیرى کار لە 964ـەوە هۆشدارى دەداتە کۆمپانیا و شوێنکارەکان
هەر کۆمپانیا و شوێنکارێک دەستەبەرى کرێکارەکانى نەکردبێت مامەڵەکانیان رادەگیرێت
964+
وریا فەتاح
هەر کۆمپانیا و شوێنکارێک، دەستەبەرى کرێکارانى نەکردبێت، مامەڵەکانى رادەگیرێت، ئەگەر کۆمپانیایەکیش پارەى لاى حکومەت بێت تا دەستەبەرى کرێکارەکانى نەکات، پارەى پێنادرێت.
بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى کە واژۆى کوێستان محەمەدى وەزیرى کارى لەسەرە و ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران کراوە، تێیدا داوا کراوە، رەزامەندى بدەن لەسەر ئاراستە کردنى نوسراوێک بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، بەمەبەستى ئاگادارکردنەوەیان لە کاتى سپاردنى پڕۆژەیەکى بەڵێندەرایەتى کە پێویستەى وێنەیەکى سپاردنەکە رەوانەى بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران، بکرێت.
لەبارەى نوسراوەکەوە، کوێستان محەمەد، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى بە 964ى وت، “هیچ کۆمپانیا و شوێنکارێک، مامەڵەکانیان بۆ رایى ناکرێت، هەتا ئەستۆپاکى دەستەبەرى کرێکارەکانیان نەکەن،”
رونى دەکاتەوە و دەڵێت: بۆنمونە وەزارەتى پەروەردە کە باشترین وەزارەتە بۆ دەستەبەرکردن، ناکرێت مۆڵەت بدات بە هیچ خوێندنگایەکى ناحکومى یان مۆڵەتى بۆ نوێ بکاتەوە، ئەگەر کرێکارەکانى دەستەبەر نەکردبێت، ئەمە بۆ زانکۆیەک و نەخۆشخانەیەک و سەرتاشخانەیەک و نانەوایەکیش راستە.
تا کۆتایى 2022 زیاتر لە 37 هەزار کۆمپانیا و شوێنکار تۆمارکراون کە دەستەبەرى کرێکارەکانیان کردووە و نزیکەى 200 هەزار کرێکاریش دەستەبەرکراون.
بەپێى یاساى کارو دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، پێویستە کۆمپانیا و دەزگا و شوێنکارەکان ٪12ى رێژەى موچەى کرێکارێک بدەن بە دەستەبەر و کرێکارەکەش 5%ى موچەکەى بداتە دەستەبەر، واتا ئەگەر کرێکارێک موچەکەى 300 هەزار بێت پێویستە کۆمپانیاکە مانگانە 36 هەزار بداتە دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و کرێکارەکەش 15 هەزار دینار.