رەنگەکانیان جیاوازە
ئەو بەنزینەی لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت لە کوێوە دێت؟
964+
فەهمی نەبی
چەند مانگێکە دیاردەی فرۆشتنی بەنزین لەسەر شەقامەکانی شاری هەولێر سەریهەڵداوەتەوە، پرسیارمان لە چەند بەنزین فرۆشێک کرد دەڵێن، “ئەو بەنزینە لە کەرکوک و پردێ و مەخمور دێت و کوالێتیەکەی باشە”.
لەسەر شۆستەی بەشێک لە شەقامەکانی دەبەی 17 لیتری ئاوی خواردنەوە پڕی بەنزین کراوە، هەر دەبەیەکی بە 14 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
یەکێک لەوانەی کاری فرۆشتنی بەنزین لەسەر شەقام دەکات بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەو بەنزینە لە شارەکانی کەرکوک و پردێ و مەخمور دەهێنرێن، رەنگیان جیاوازە، هەیانە زەردە و هەشیانە رەنگی سوورباوە، بەڵام ئەوەی رەنگەکەی روونە وەک ئاو لە هەموویان کوالێتی باشترە.
ئەو گەنجە بەنزینفرۆشە دەڵێت، “خەڵک متمانەی بە بەنزینەکە هەیە و موشتەریمان زۆرە”.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بۆ 964 وتی، فرۆشتنی بەنزین لەسەر شەقام دیاردەیەکی ناشرینە و نازانرێت کوالێتیەکەی چۆنە، شارەوانیەکانمان ئاگادار کردووەتەوە ئەو دیاردەیە نەهێڵن و بەدواداچوونی زیاتری بۆ دەکەین.
بەوتەی قایمقامی هەولێر، نرخی بەنزین لە بەنزیخانەکان دابەزیووە و جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە تەنانەت لەگەڵ ئەو بەنزینەی کە بە 750 دینار دابەش دەکریت.