گرێبەست لەگەڵ بانکی رافیدەین کراوە
کۆمپانیا گەشتیارییەکان دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ گەشتیار وەردەگرن
964+
پێشەوا محەمەد
کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێم و بانکی رافیدەین گرێبەستێکیان واژۆ کردووە و لەمەودوا ئەوان دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ گەشتیاران وەردەگرن.
گرێبەستەکە کاردەکاتە سەر خێراترکردنی راییکردنی کاروباری حەواڵەکردنی پارە لەنێوان کۆمپانیا و نووسینگە و بانکەکان.
964 زانیویەتی، ئەو گرێبەستە سوودی زیاتر بەو گەشتیارانە دەگەیەنێت کە لە هەرێمەوە گەشت بۆ شوێنی دیکە دەکەن و کۆمپانیاکان لە بانکی رافییدەین هەر 100 دۆلارێکیان بە 132 هەزار دینار بۆ وەردەگرێت.
جگە لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان، گرێبەستەکە هاوکات لەگەڵ کۆمپانیاکانی حەج و عەمرەشە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ئەو گرێبەستە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کەرتی گەشتیاری گرنگییەکی زۆری هەیە.
وتیشی، “دەستەی گەشتوگوزاریش پشتگیری ئەو هەنگاوە دەکات و کار دەکات لەسەر فراوانکردنی پڕۆژەکە بۆ دانانی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ پڕۆسەکانی پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارکردن و پشکنینی بنکە گەشتیارییەکان”.
لە هەرێمی کوردستان 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری و زیاتر لە 150 کۆمپانیای حەج و عەمرە بوونیان هەیە.