یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق

زانکۆی دهۆک دوو تووخمی نوێی پەتاتە بەرهەم دەهێنێت

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵ لە زانکۆی دهۆک بۆ یەکەم جار توانی دوو تووخمی نوێی پەتاتە دروست بکات و سەرۆکی کۆلێژەکە دەڵێت، ماوەی سێ ساڵە خەریکن.

هەردوو توخمەکەش بۆ ماوەی دوو ساڵە دەچێندرێت و بەرهەمەکەشی لە وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان و عێراق تۆمار کراون.

بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی زانکۆی دهۆک پێیگەیشتووە، ئەو دوو تووخمەی پەتاتە لە رووی بەرهەمەوە زۆرتر و زووتر دێتە بەرهەم و تامیشی لەوانی دیکە خۆشترە.

رافائیل شلێمۆن تۆما، مامۆستای بەشی چاندن لە کۆلیژی کشتوکاڵ لە زانکۆی دهۆک بە 964ـی وت، “بەرهەمهێنانی تووخمی نوێی پەتاتە لە زانکۆی دهۆک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020، ژمارەیەک ئەندازیاری چاندن لە زانکۆی دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای کەرتۆپ و هەندێک شارەزای هۆڵەندی ئەم کارە ئەنجام درا”.

وتیشی، “ئەم دوو تووخمە بۆ ماوەی دوو ساڵە لە هەولێر و شێخان و فێشخابوور چێندراوە، دەمانەویست بزانین لەگەڵ کەشوهەوای کوردستان دەگونجێت یان نا، بەڵام بەرهەمێکی باشی هەیە و جۆتیارانی کوردستان دەتوانن زۆر سوودی لێببینن”.

بڕیارە بەرهەمی ئەو پەتاتەیە بۆ ساڵی داهاتوو بەسەر جوتیاراندا دابەش بکرێت بۆ بەرهەمهێنان، “چونکە هەرزانتر دەکەوێت و بەتامتریشە لەو جۆرەی لە کوردستان بەرهەم دەهێندرێت”.

ئەمڕۆ پەتاتەی کوردستان دەگاتە ئیمارات

ئەمڕۆ پەتاتەی کوردستان دەگاتە ئیمارات

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد