بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر وا دەڵێت

زۆربەی بیرە وشکبووەکانی دەوروبەری هەولێر لێدراونەتەوە

964+

فەهمی نەبی

ئاوی دەوروبەری هەولێر خەریکە لەو تەنگەژەیە رزگاری دەبێت کە ئەم هاوینە دووچاری هاتبوو، بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بەنزیکی هەموو ئەو بیرانەی وشکیان کردبوو لێدراونەتەوە.

رێزان سەعدی بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بۆ 964 دەڵێت، زۆربەی هەر زۆری ئەو بیرانەی لە دەوروبەری هەولێر وشکیان کردبوو، لێدراونەتەوە، ئەوەی ماوە تەنیا دوو بیر ماون ئەوانیش لەژێر جێبەجێکردنن.

“تا کۆتایی ساڵ ژمارەی ئەو بیرانەی وشک ببوون و لێدراونەتەوە دەگاتە 60 بیر و کێشەی کەمی ئاو لە زۆربەی ئەو ناوچانە چارە دەبێت، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە تا ئەو بیرانە چارە دەکەین کۆمەڵە بیرێکی دیکە وشک دەکەن” رێزان سەعدی وای وت.

لە دەوروبەری هەولێر دواین بیر کە لێدراوە لە سێوەکە بووە کەمترین ئاستی تۆمارکردووە، لە قوڵی 180 مەتر گەیشتوونە بە ئاو، بەڵام ئەم هاوینە لە قوشتەپە لە 700 مەتر گەیشتوون بە ئاو.

رێزان سەعدی دەڵێت، “تا ئێستا قۆناغی وشکەساڵیمان تێنەپەڕاندووە، بەڵام ئاماژەکانی بارانی ئەمساڵ دڵخۆشکەرن، ئەگەر دوو ساڵ ئاستی باران باش بێت کێشەی کەمبوونەوی ئاوی ژێر زەوی ئەو ناوچەیە باش دەبێت”.

لەبارەی سەرهەڵدانی کێشەی کەمئاوی لە هەولێر و دەوروبەری، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر دەڵێت، لە قوشتەپە و خەبات کێشەی کەمئاوی دروست بوو، بەڵام هەمووی پەیوەندی بە کەمبوونەوەی کارەباوە هەبووە.

ئاوی دەوروبەری هەولێر دەڵێت، بۆ ئەوەی هەموو ماڵێک ئاوی پێبگات دەبێت هەشت کاتژمێر کارەبای بەردەوام هەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری هەولێر سەرپەرشتی ئاوی 9 قەزا و 40 ناحیە دەکات.