هاتوچۆی سلێمانی لەسەر ئەرکی خۆی دروستی دەکات
پردێکی پەڕینەوە بۆ نابینایانی سلێمانی دروست دەکرێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
ماوەیەک بوو یەکێتی نابینایان لە سلێمانی داوای دروستکردنی پردی پەڕینەوەیان دەکرد، هاتوچۆی سلێمانی بڕیاریدا خواستەکەیان بەدیبێنێت و پردێکیان لەبەردەم بارەگای رێکخراوەکە بۆ دروست دەکرێت.
بینای یەکێتی نابینایانی کوردستان کەوتووەتە سەر شەقامی 60 مەتری شاری سلێمانی بەرامبەر بەنزینخانەی هەڵگورد، بەهۆی قەرەباڵغی زۆری شەقامەکەوە پەڕینەوەی نابینایانی ئەستەم کردووە.
عومەر خدر، سەرۆکی یەکێتی نابینایانی کوردستان لە سلێمانی بە 964ی راگەیاند، “دەمێک بوو داواکاری دروستکردنی پردێکمان هەبووە، پێشتر ترافیکێکیان بۆ دانابووین، بەڵام کاری نەدەکرد بۆیە داوای لابردنیمان کرد”.
وتیشی، “ئێستا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پێیان وتووین، دەرخستەیەکیان بۆ بکەین، ئەوان لەسەر ئەرکی خۆیان پردێکی پەڕینەوەمان بۆ دادەنێن و ئێمەش لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی دەرخستەکەین”.
زیاتر لە پێنج هەزار نابینا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان راپەڕین تۆمار کراون.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی