"هێشتا کەس قەرەبوو نەکراوەتەوە"
ساڵێک بەسەر تەقینەوە گەورەکەی دهۆک تێپەڕی
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ساڵ سوڕا، هێشتا زیانلێکەوتوانی رووداوە گەورەکەی دهۆک چاوەڕێی قەرەبوون، حەوت گیان لەدەستدان و نزیکەی 40 بریندار لە تەقینەوەی تانکییەکی غاز لەسەربانی بەشە ناوخۆییەک کەوتنەوە.
درەنگانی شەوی 22ی تشرینی دووەم لە گەڕەکی گرێ باسێ لە دهۆک دەنگی تەقینەوەیەکی گەورەهات لەسەربانی بەشە ناوخۆییەک، زوو زانرا ئەوەی خەڵک گوێی لێی بووە تەقینەوەی سیستەمی غازی LPG بووە، سیستمەکە بۆ فڕنێک داندراوبوو، بەشە ناوخۆییەکیش لە نهۆمی سەرەوەی فڕنەکەدا بووە.
ئەوانەی زەرەرو زیانیان بەرکەوتووە و خەڵکیان تیاچووە سکاڵایان کردووە، بەڵام دەڵێن هێشتا هیچیان دەست نەکەوتووە.
ئەفسەرێک و دوو پۆلیس و کرێکارێک و برای خاوەنی فڕنەکە و دوو قوتابی لەو رووداوەدا گیانیانلەدەستدا.
دلگەش دهۆکی خاوەنی فڕنەکەیە، برایەکی و کرێکارێکی گیانیان لەدەستداو خۆشی برینداربوو، دوکانەکەشی تیاچوو، شوێنی چاککردەوە، بەڵام دەڵێت، کەس قەرەبووی ئەو زیانەی نەکردووینەتەوە.
دڵکەش و بەشێک لەزیانلێکەوتووان ئۆباڵی رووداوەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایەی سیستەمی غازەکەی داناوە، بە 964ی وت ”هەندێ لە زیانلێکەوتووان قەرەبوو کرانەوە، بەڵام کۆمپانیا ئێمەی قەرەبوو نەکردەوە چونکە سکاڵامان لەسەر تۆمار کردبوو”.
دەڵێن پشکنینەکانیش هەر ئەوەی ساغکردووەتەوە کە خەتای سیستەمی غازەکە بووە، بەڵام سەرچاوەیەک لەو کۆمپانیایەی سیستەمەکەی داناوە بە 964ی وت ”ئێمە تەقیسرمان نەکردووە، ئەوانەی حەق بوون قەرەبوومان کردوونەتەوە، بەڵام هەندێکی تر داوای پارەی زۆریان کردووە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین دادگای دهۆک بڕیار لە دۆسێکە بدات”.
کاتی رووداوەکە دوو نهۆمی بیناکە بەشە ناوخۆیی کوڕان بوو، ئێستا دوای نۆژەنکردنەوەی بووەتە بەشە ناوخۆیی کچان، دوای ئەم ساڵە هێشتا دادگا بڕیاری کۆتایی لە خەتابار نەداوە.
شەمعون شلیمون،جیگری پارێزگاری دهۆک بۆ کاروباری کارگێڕی بە 964ی وت ”ئەوانەی قەرەبوو بیانگرێتەوە دەبێ کۆمپانیاکە بیانداتێ، چونکە ئەوان خەتابارن”.
ساڵی پار ئەم رووداوە زۆر کەوتە بەرچاو، چونکە پێنج شەو دوای رووداوی تەقینەوەی سیستەمی غازەکەی ماڵی حاجی مەزهەر بوو لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی کە 15 کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا.