لە ئامێدی

چوار جۆر پشکنینی بێبەرامبەر بۆ هاوڵاتیان دەکرێت

هیڤی دێوالی – دهۆک

بۆ یەکەمجارە لە دەڤەری ئامێدی چوار جۆر پشکنینی بێبەرامبەر بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێن، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئامێدیش دەڵێت، بڕیارە لە داهاتوودا هەڵمەتەکە ناحیە و گوندەکانیش بگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوو شوێنی ناوچەی ئامێدی پشکنینی بێبەرامبەر ئەنجام دەدرێت، تەندروستی ئامێدی بە هەماهەنگی لەگەڵ پەیمانگەی پۆلیتەکنیک و زانکۆی جیهان بەڕێوەیدەبەن.

هەریەک لە پشکنینەکانی پەستانی خوێن، شەکرەی خوێن، ئۆکسجین، رێژەی خوێن، بۆ هاوڵاتیانی بەساڵاچوو ئەنجام دەدرێن.

مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی بە 964ـى وت، مەبەست لەو کارە ​​دابینکردنی تەندروستییەکی باشە بۆ هاوڵاتیان، ئەمە جگە لە چەند رێنماییەک پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان بۆ خەڵکی ناوچەکە.

وتیشی، سەدان کەس بە تایبەتی بەساڵاچووان بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە، کە تا کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەمجارە هەڵمەتەکە لە دەڤەری ئامێدی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە داهاتوودا لە چەند ناحیە و گوندێکی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت.

964 دەزانێت، پشکنینەکان لە سەنتەری قەزای ئامێدی و کۆمەڵگەی قەدش بەبێ بەرامبەر ئەنجام دەدرێن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی