لە چەند شوێنێک لافاو دروستبووە
بەرگری شارستانی هەولێر بە تەواوی کارمەندەکانییەوە لە ئامادەباشیدایە
964+
توانا نەقی
بەشێک لە گەڕەک و ناحیەکانی دەورووبەری هەولێر بەهۆی باران بارینەکەی ئەمڕۆوە ئاوی تیادا کۆبووەتەوە و لافاو لە چەند کۆڵانێکیش دروست بووە.
بەرگری شارستانی هەولێریش دەڵێت، بە تەواوی ئەفسەر و کارمەندەکانیانەوە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
کاروان عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، چوار بنکەیان بەتایبەت لە دارە توو، بەحرکە، گەڕەکی شادی و ئازادی لە ئەرکدان و لە هەرشوێنێکەوە پەیوەندییان پێوە بکرێت دەست و دەم دەچنە هانایانەوە.
وتیشی، لە ئەو ناحیە و گەڕەکانە بەشێک لە ماڵەکان ئاوی تێچووە و لافاو لە کۆڵانەکانیان دروستبووە، هەروەها ئێستا لە پردی سەیداوە لە ناوەندی شار لافاو دروستبووە.
بەشێک لە شەقامی 100 مەتری هەولێریش نزیک زانکۆی جیهان بە تەواوی داخراوە بە هۆی کۆبوونەوەی ئاوەوە و سەیارەیەکی زپر لەسەر شەقامەکەن.
کاروان عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە هەینییە و پشووە، بەڵام زۆرینەی ئەفسەر و کاەرمەندەکان گەڕاونەتەوە دەوام و ئامادەن بۆ بەهاناوە چوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە هەر گەڕەک و شەقام و ناوچەیەک.
لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ 3.11.2023 شەپۆلێکی باران بارین زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گردووەتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.