دیمه‌نی كه‌سێكی نابینا كه له‌رێگه‌ى بڕایل ده‌خوێنێت. وێنه: وه‌زاره‌تى كار
بێ به‌رامبه‌رە
خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كانى سۆران ده‌خرێنه به‌ر خوێندن
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له سنوورى ئیداره‌ى سۆران ده‌ست به ناونووسینى منداڵانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت كرا بچنه به‌ر خوێندن، بۆ ئه‌مه‌ش داوا له كه‌سوكاریان ده‌كرێت منداڵه‌كانیان ناونووس بكه‌ن.
خوێندنه‌كه بێ بەرامبەره و له دوو په‌یمانگاى مۆڵه‌تپێدراو له سۆران بۆ نابیستان و نابینایان و ئەلبینیزم، دابینكراوه.
ئەلبینیزم، کۆمەڵە بۆماوەیەکی نامۆ و دەگمەنە، کە دەبێتە ھۆی ئەوەی پێست، قژ یان چاو رەنگێکی کەمی ھەبێت یان ھیچ رەنگێکی نەبێت و پەیوەندی بە کێشەکانی بینینه‌وه ھەیە.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه پێشتر 964 له لقی سۆرانى نابینایان و كه‌مبینایان ده‌ستیكه‌وتووه، له سنوورى ئیداره‌ى سۆران 527 نابینا و كه‌مبینا له‌و رێكخراوه ئه‌ندامن
هۆشمەند نیعمەت، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی کۆمەڵەی سۆران كه كۆمه‌ڵه‌كه‌یان ئه‌و خوێندنه‌ى بۆ خاوه‌ن پێداویسته تایبه‌ته‌كان دابینكردووه، به 964ـى وت، له ئه‌مڕۆوه ده‌ست به ناونوسین ده‌كه‌ن و به‌قسه‌ى خۆى ئاسانكاریان بۆ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له مافى خوێندن بێبه‌ش نه‌بن.
وتیشی “له هه‌ردوو په‌یمانگاى نابیستان و نابینایان خوێندنه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت و ئه‌و دوو په‌یمانگایه‌ش مۆڵه‌تپێدراون له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌وه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بۆ یه‌كه‌مجاره له سنوورى سۆران ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ى خوێندن بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌ڕه‌خسێندرێت و بێ به‌رامبه‌ریشه.
ئاشكراشی كرد، یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ى كه پێویسته خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت هه‌یبێت، ته‌مه‌نیانه پێویسته لە نێوان پێنج بۆ 13 ساڵان بێت و هیچ حاڵەت یان نەخۆشیەکی دیكه‌ی لەگەڵدا نەبێت.