ئامێرێکیان بۆ دابین کرا
چیتر پێویست ناکات هاوڵاتیانی چەمچەماڵ بۆ ئیکۆ بچنە دەرەوە
964+
پێشەوا محەمەد
ئامێرێکی پێشکەوتووی ئیکۆی دڵ بۆ نەخۆشخانەی چەمچەماڵ دابین کراوە و بەرپرسێکی تەندروستی قەزاکە دەڵێت، خزمەتێکی گەورە بە هاوڵاتیانی سنوورەکەیان دەکات.
پێشتر هیچ ئامێرێکی ئیکۆی دڵ لە سنوورەکە نەبووە و بڕیار وایە لە سبەینێ چوارشەممەوە پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی باسەڕەوە نەخۆش ببینێت.
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، ئەو ئامێرە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاوڵاتیانی سنووری قەزای چەمچەماڵ دەکات کە ئیشیان پێیەتی و نەخۆشیی دڵیان هەیە.
وتیشی، “لە هەموو قەزاکە و تەنانەت ئەوەندەی بزانم لە کلینیکی ئێوارانیش ئەو ئامێرە بوونی نەبووە”.
قەزای چەمچەماڵ لە حەوت ناحییە و 317 گوند پێکدێت و نزیکەی 250 هەزار دانیشتووی هەیە.