براوەی نۆبڵی ئەدەبیات

یۆن فۆسێ؛ ئەو نووسەرەی دەیەوێت ئارامی بە خوێنەرەکانی ببەخشێت

964+

پێشەوا محەمەد

لەگەڵ ئەوەی یۆن فۆسێ ماوەی 10 ساڵ بوو ناوی لە ریزی پێشەوەی ئەوانەدا بوو، کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات وەربگرێت، بەڵام ئەمساڵ کە خەڵاتەکەی وەرگرت وتی، “سەرسام بووم و زۆر بەسادەییش بڕوام پێی نییە”.

ئەو دوای پێدانی خەڵاتەکە کە دوێنێ پێنجشەممە 5.10.2023 راگەیەندرا وتی، “ئەو خەڵاتە وەک رێز و ستاییشێک بۆ ئەدەبیات دەبینم، کە ئەدەبیات لەسەرو هەموو شتێکەوە دەبینێت و هیچی تر”.

ئەکادیمیای سوودی، لە راگەیەندراوی بەخشینی خەڵاتەکە بەو نووسەرە نووسیویانە، “یۆن فۆسە شانۆی رەسەن و پەخشانێک بەرهەم دەهێنێت، کە دەنگ بە بەر ئەو شتانە دەنێن کە ناوترێن”.

فۆسێ پێشتر سەبارەت بە خەڵاتی نۆبڵ ئەوەشی وتبوو، “خەڵاتەکە دەدەن بە نووسەرانی کۆن، کاتێک دەبێت کە هیچ کاریگەرییەک لەسەر نووسەرەکە دانانێت”.

سەلمان روشدی، جان شوێ، مارگرێت ئاتوود و هاروکی موراکامی لەنێو ئەو پاڵێوراوانەدا بوون، کە ئەگەری هەبوو ئەمساڵ خەڵاتەکە ببەنەوە.

سیگرد ئونسێد دوا نووسەری نەرویجی بووە، کە لە ساڵی 1928 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی بەدەستهێناوە.

یۆن فۆسێ کێیە؟

لە ساڵی 1959 لە وڵاتی نەرویج لەدایک بووە، لە رۆژئاوای ئەو وڵاتەدا گەورە بووە، لە کێڵگەیەکی بچووک لە شاری ستراندێبارم. لە تەمەنی 12 ساڵییەوە دەستی بە نووسینی شیعر و چیرۆک کردووە، وتوویەتی نووسینی بە جۆرێک لە هەڵهاتن زانیوە. لە ساڵی 2014 بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، فەزای خۆی لە جیهاندا دروست کردووە، شوێنێک کە هەستی بە سەلامەتی کردووە تێیدا.

لە تەمەنی گەنجیدا کۆمۆنیست و ئەنارشیست بووە. لە زانکۆی بێرگن ئەدەبیاتی بەراوردکاریی خوێندووە. فۆسێ بە زمانێکی کەمینەی نەرویجی دەنووسێت، نەک زمانە ستانداردەکە و خۆشی دەڵێت، ئەوە ئەو زمانەیە کە پێی گەورە بووە.

لە ساڵی 1983 یەکەم رۆمانی خۆی بە ناوی “سوور، رەش” بڵاوکردەوە و دەستی بە ژیانی ئەدەبیی سەرنجڕاکێش کرد. بەناوبانگترین بەرهەمەکانی بریتین لە رۆمانەکانی “مێلانکۆلیا”، کە قووڵبوونەوەیە لە مێشکی نیگارکێشێکدا کە تووشی کێشەی دەرونی بووە. رۆمانی “بەیانی و ئێوارە”ـی، کە بە ساتەوەختی لەدایکبوونی پاڵەوانەکە دەستپێدەکات و بە دواڕۆژی ژیانی کۆتایی دێت و چەند دانەیەکی دیکەش بوونەتە جێگەی سەرنجی رەخنەگران و خوێنەرانی.

خۆشەویستی، هونەر، مردن و هاوڕێیەتی لە تێما سەرەکییەکانی کارکردنی ئەو نووسەرە نەرویجییەن لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا.

یۆن نووسەرێکی پڕبەرهەم بووە، نزیکەی 40 شانۆنامەی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها رۆمان، شیعر، وتار، کتێبی منداڵان و بەرهەمی وەرگێڕانی بە بەردەوامی هەبووە.

نووسینەکانی ئەو بۆ 50 زمانی دونیا وەرگێڕدراون و تەنیا شانۆنامەی “سێبەرەکان”ـی لە لایەن هاودەم ساڵح جاف کراوە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی کردووەتەوە.

وەک نووسەری شانۆنامە ناوبانگی هەیە

هەرچەندە فۆسێ وەک شاعیر و رۆماننووس دەستی پێکرد، بەڵام وەک شانۆنامەنووسێک ناوبانگی جیهانیی بەدەستهێنا. لە کۆتایی نەوەدەکاندا بە بەرهەمێکی کە لە پاریس نماییش کرا، ناوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا. فۆسێ وتوویەتی، لە ماوەی چوار پێنج ڕۆژدا نووسیویەتی و پێداچوونەوەی بۆ نەکردووە.

بۆ ماوەی ١٥ ساڵ سەرنجی لەسەر شانۆ بووە.. بەڵام دواتر بڕیاریدا پاشەکشە بکاتەوە بۆ ناو چیرۆکە خەیاڵییەکان و وازی لە گەشتکردن و مەیخواردنەوە هێنا.

رەخنەگران شانۆنامەکانی فۆسێیان بەراورد کردووە بە کارەکانی دوو خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی دیکە؛ هارۆڵد پینتەر و ساموێل بێکێت. هەروەها ناوی لێنراوە “ئیبسنی نوێ”، بەناوی شانۆنامەنووسی بەناوبانگی نەرویجی هێنریک ئیبسن.

فۆسێ کاتێک لە چاوپێکەوتنێکدا لێیدەپرسن ئاخۆ دەیەوێت لە رێگەی نووسینەکانییەوە چی بە خوێنەرانی ببەخشێت، دەڵێت، “دەمەوێت ئارامییان پێببەخشم”.

ئەو لەو نووسەرانەیە کە بەردەوام رەخەنگران کۆکن لەسەری بەوەی بەردەوام لەپێناو ئاشتی و مرۆڤایەتیدا ئەدەبیاتی بەرهەمهێناوە.

خەڵاتی نۆبڵ کە لە ساڵی 1901ـەوە دەبەخشرێت، دان بە دەستکەوتەکانی ئەدەب، زانست، ئاشتی و دواتر ئابووریدا دەنێت.

خەڵاتی ئەدەبیات دەبەخشرێتە “ئەو کەسەی لە بواری ئەدەبدا نایابترین بەرهەمی بە ئاراستەی ئایدیاڵدا بەرهەم هێنابێت”، بەپێی وەسیەتنامەی ساڵی 1958ـی بازرگان و خێرخوازی سویدی ئەلفرێد نۆبڵ.

سارتەر؛ ئەو فەیلەسوفەی تەنیا بۆ وشەکانی ژیا

سارتەر؛ ئەو فەیلەسوفەی تەنیا بۆ وشەکانی ژیا