بازاڕی نییە

کڵاشفرۆشێک: ئێستا رۆژانە یەک بۆ دوو کڵاش دەفرۆشم

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

هێشتا تەنیا نمەباران گەیشتووە و وەرزی زستان نەهاتووە، کەچی بازاڕی کڵاش بەهۆی وەرزەوە رووەوە دابەزینە، بە وتەی کڵاشفرۆشێک بێت، پێشتر 10 جووت کڵاشی بفرۆشتایە، ئێستا یەک بۆ دوو دانە کڵاش دەفرۆشێت.

کڵاش پێڵاوێکی لە خوری چندراوە، لە هەرێمی کوردستان تەنیا لە وەرزەکانی بەهار و هاوین خەڵک لەپێی دەکەن، بە تەڕی و باران هەم سیما و هەم خورییەکەی تێکدەچێت.

وەستا مەریوان هەورامی، دروستکەر و فرۆشیاری کڵاشە لە شەقامی سابونکەرانی سلێمانی، ئەو بە 964ی وت، وەرزی بەهار و وەرزی هاوین رۆژانە هەشت تا 10 جوت کڵاشی فرۆشتووە، بەڵام ئێستا رۆژانە یەک یان دوو جووت دەفرۆشن.

٣٠ ساڵە کڵاش دروستدەکات

٣٠ ساڵە کڵاش دروستدەکات

بە وتەی ئەو بێت، یەکەم نمەباران کاریگەریی لەسەر بازاڕی ئەوان دروستکردووە، ئەوەشی ئێستا دەیفرۆشن بۆ کوردستان نییە و بە دیاری دەبرێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا، وتیشی، “لە وەرزەی سەرما و باراندا کەس لە کوردستان کڵاش ناکڕێت و لەپێ ناکرێت”.

بە بڕوای وەستا مەریوانی کڵاشفرۆش بێت، کەمبوونەوەی فرۆشی کڵاش کاریگەریی نەکردووەتە سەر نرخەکەی و هەر وەک خۆی ماوەەتەوە.

نرخی جووتێک کڵاش بە پێی چۆنیەتیی چنین و کوالێتی دروستکردنەکەی و مادە بەکارهاتووەکانی لە نێوان 45 هەزار دینار بۆ 60 هەزار دیناردایە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا