لێکەوتەکانی کارەساتەکەی حەمدانیە

تا ئەمڕۆ یاریی ئاگرین لە هۆڵی ئاهەنگەکانی پارێزگایەکی هەرێم قەدەغە نەبووە

964+
ژووری هەواڵ

دوای ئەوەی ئاگری هۆڵەکەی حەمدانیە سەدانی کوشت و جەستەی سەدانی دیکەی شێواند، پرسیاری ئەوە دروستبووە کە ئایا هۆڵی ئاهەنگەکان لە هەرێمی کوردستان مەرجی سەلامەتی و دڵنیاییان تێدایە؟

964 سۆراغی ئەم بابەتەی کرد لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی، لە ئەنجامدا بەرگریی شارستانیی هەولێر و سلێمانی دەڵێن بێ گرفتن، بەڵام وادیارە دهۆک تازە هەستی بە مەترسی یارییە ئاگرینەکان کردبێت.

بە قسەی ئەوان بێت زۆرینەی هۆڵەکان مەرجی سەلامەتییان تێدایە، بەڵام هێشتا کەوتوونەتە خۆیان بۆ دووبارە چێککردنەوەی گشت هۆڵەکان.

سەرکەوت کاڕەش وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، “هۆڵەکانی ئێمە لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای دوو هەزارەکان بەو شێوازەی هۆڵەکەی حەمدانیە بوون، لە راستیدا 15 ساڵیش دەبێت لەسەر هەموو هۆڵەکان کراوە بە مەرج کە دەبێت مەرجی سەلامەتی وەکو هەستەوەری ئاگادارکردنەوە و ئاگرکوژێنەوە و لایتی شەحن بۆ کاتی تاریکی و دەرگای یەدەگیان تێدا بێت و بۆ ئەمەش لیژنەکانمان بەسەریان دەکەنەوە”.

لەبارەی یاری ئاگرینەوە وتی، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە لەناو هۆڵی داخراودا بەکاربێت.

یاریی ئاگرین بەو شێوەیە قەدەغە نەبوو

بەڵام وادیارە لە دهۆک یاریی ئاگرین قەدەغە نەبووبێت، بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە 964ـی وت، “زۆرینەی هۆڵەکانمان مەرجی سەلامەتییان تێدایە، بەڵام یاریی ئاگرین بەو شێوەیە قەدەغە نەبوو، لە ئەمڕۆ بە بڕیار قەدەغەمان کرد و هەموو خاوەن هۆڵەکانیش ئاگادار دەکرێنەوە”.

وتیشی دوو لیژنەیان هەیە، بە بەردەوامی سەردانی هۆڵی ئاهەنگەکان دەکەن لە پارێزگای دهۆک.

هەرچی لەبارەی سلێمانیە، وادیارە مەرجی قورستریان هەبێت بۆ خاوەن هۆڵەکان.

نابێت بە مادەی نایلۆن رووپۆش کرابن

ئارام عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە 964ـی وت، “کردوومانە بە مەرج هەموو هۆڵەکانی هاوسەرگیری و بۆنەکان، نابێت بە مادەی نایلۆن، پەڕۆ و حەسیر رووپۆشی باڵەخانەکانیان کرابێت”.

وتیشی، ئەوان جیاوازی ناکەن لە نێوان هۆڵە مۆدێرن و شەعبیەکان لە بەرامبەر بوونی مەرجی سەلامەتی و سەپاندوویانە بەسەر هەموویاندا.

لە حەمدانیە چی روویدا؟

شەوی 26 لەسەر 27ـی ئەیلوولی 2023، لە هۆڵی هەیسەم لە قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا، لەکاتێکدا کە نزیکەی هەزار کەس لەناو هۆڵەکەدا بوون و ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بەڕێوەدەچوو، ئاگر کەوتەوە و کارەساتی خوڵقاند. سەدان گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە.

بەپێی هەندێک زانیاری سەرەتایی کە بەرگری شارستانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، هۆڵەکە مەرجی سەلامەتی تێدا نەبووە و بەکارهێنانی یاریی ئاگرین بووەتە هۆی رووداوەکە.

بەو هۆیەوە، هەر دوێنێ چوارشەممە، خاوەن و بەڕێوەبەر و چەندین کارمەندی دیکەی هۆڵەکە دەستگیرکران.