هەرێم ١٧٩ راسپاردەی نێودەوڵەتی لە بواری مافی مرۆڤ جێبەجێ کردووە

بۆ خۆی ٣٨٩ راسپاردەیە

+964

مەریەم ئەحمەد – هەولێر

ساڵێک بەسەر راسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق تێدەپەڕێت، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن، لە کۆی ٣٨٩ راسپاردە، توانراوە ١٧٩ راسپاردە جێبەجێ بکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ـی کانونی یەکەم، لە گفتوگۆیەکی کراوەدا کە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رێکیخستبوو پیوەند بە تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر راسپادە نێودەوڵەتییەکان.

میدیا هۆشیار، راوێژكاری یاسایی لە نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان بە +964ـی وت؛ پلانی حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، ٣٨٩ راسپاردەیە کە دەبێت لە ماوەی ٢٠٢١ تاوەکو ٢٠٢٥ جێبەجێ بکرێت، تا ئێستا توانراوە ١٧٩ راسپاردە جێبەجێ بکرێت.

“راسپاردەکان بەسەر ٢٧ بەش دابەشکراون، بەپێی تایبەتمەندیش بەسەر وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم دابەشکراون”. میدیا هۆشیار وادەڵێت، بۆ ئەمەش نمونە بە  دەستەی دەسپاكی دەهێنێتەوە کە چوار راسپاردەی ئاراستە كراوە، کە یەكەم و دووەم جێبەجێ كراوە کە باس لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كراوە، سێیەم و چوارەم هێشتا جێبەجێ نەكراوە كە باس لە  كەیسەكانی جۆری گەندەڵی و ستراتیژیەتی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكات.

هاوکات دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، لە كۆی چوار راسپاردە سێ راسپاردە جێبەجێ كراوە، تەنیا چوارەم ماوە کە باس لە خۆپارێزی و پیسبوونی هەوا دەكات، كە هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ، جگە لە دەستەی ژینگە، ئەوا هەشت راسپاردە بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ هەبوو، هەموویان جێبەجێ كراون.

زیاتر وتی “١٣٠ راسپاردە ماوەو لە بواری جێبەجێكردن دایە، هەروەها ٨٠ راسپاردەی دیکەش بەشێکی لی جێبەجێ کراوە”.