بۆچی هەموو هێزە عێراقییەکان لێی رادەکەن؟

نهێنی ژمارە 56 چییە؟

964+

ژووری هەواڵ

شەممەی رابردوو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشکی بۆ لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبرد، هەموو لیستەکان ریزبەندی خۆیان وەرگرت، بەڵام کۆمسیۆن 156ی نەخستە ناو ژمارەکانەوە، چونکە دەیزانی هیچ لیستێک ئامادە نییە بەو ژمارەیەوە بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.

چەند ساڵێکە ژمارە 56 چووەتە سەر زاری عێراقییەکان و بۆ گاڵتەجاڕی و تانە لێدان دژی حیزب و هێزە سیاسییەکان بەکاری دەهێنن.

بە کورتی نهێنی ژمارەکە ئەمەیە:
ژمارە 56 گرێدراوە بە مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی، ئەم مادەیەش تایبەتە بە تاوانەکانی ساختەچێتی و قۆڵبڕین، ئێستا خەڵکی عێراق لە کورتی دەیبڕنەوەو هەرکەسێکیان پێ ساختەچی بێت پێی دەڵێن 56، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکی توڕەیی و ناڕەزایی خۆیان دژی دەسەڵات و هێزە سیاسییەکان بەو ژمارەیە دەردەبڕی و هەر بەرپرسێکی گەندەڵ یان هێزێکی نالەبار دەربکەوتایە پێیان دەوت 56.

ئەمجارە کۆمسیۆن فریای هێزە سیاسییەکان کەوت و ژمارە 156ی لەریزبەندی لیستەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەبرد لە بڕیارە لە رۆژی 18ی مانگی 12 ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ئەم رێوشوێنەی کۆمسیۆن هیچی لە گاڵتەپێکردنی عێراقییەکان کەم نەکردەوەو لەدوای ئەوەوە هەڵمەتێکیان دەست پێکردووە بە هێزەکان دەڵێن هەمووتان پەنجاو شەشن.