لە هەفتەیەکدا 120 قوتابخانەی هەولێر شۆردراون

هاوبەش ئەبوبەکر

ماوەی هەفتەیەکە شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی بۆ شۆردنی قوتابخانەکانی ناو شار دەستپێکردووە و لەو ماوەیەدا 120 خوێندنگەی خاوێنکردووەتەوە.

جگە لە شوشتنی قوتابخانەکان، تیمەکانی شارەوانیی هەولێر تانکی ئاوی خوێندنگەکانیان لە کلس و پیسی پاککردووەتەوە.

ئاوی خواردنەوەی خاوێنیش بۆ قوتابیان دابین کراوە و زبڵ و پاشماوەی ناو قوتابخانەکان کۆکراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17.9.2023، شارەوانی هەولێر رایگەیاند، ئەم کارەیان بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی قوتابیان و خاوێنی ژینگەی قوتابخانەکان ئەنجامداوە و رێکخراوی ئاڤیاری هۆشیاری ژینگەیی، هاوکاری کردوون.

ساڵانێکە ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوڵ و نەمام لەناو بەشێک لە قوتابخانەکان دەچێنێت و گرنگی بە ژینگەی قوتابخانەکان دەدات، لەناو سەنتەری شاری هەولێر زیاتر لە 400 قوتابخانە هەن.