یانەی هەولێر گرێبەستی سەمەد جەوهەری راهێنەری نوێکردەوە
964+
هێژا خەسرەو – هەولێر
لە وەرزی رابردوودا یانەی هەولێر بووە پاڵەوانی خولی پلە یەکی کوردستان، بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەش دەستەی کارگێڕی یانەکە گرێبەستی سەمەد جەوهەری راهێنەری تیپی خولی کوردستانی یانەکەی نوێکردەوە.
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، سەمەد جەوهەر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی وت، “لەگەڵ کارگێڕی یانەکەم کۆبوونەوەمان کرد و هیچ کێشەیەک لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەمدا نەبووە”.
ئەو راهێنەرە زیاتر دەڵێت: هێشتا ئامانجی من و یانەکەم دیار نییە، لە هەفتەی نوێ کۆبوونەوەیەکی ترمان هەیە و ئەوان پێم رادەگەیەنن کە ئامانجمان چییە بۆ وەرزی نوێ تاوەکو کاری لەسەر بکەین، چونکە بڕیارمان نەداوە کە تیپەکە تەنیا بۆ پێگەیاندنی یاریزانی لاو بێت یان رکابەری لەسەر نازناو، ئەمەش دوو ئامانجی جیایە.
ماوەیەک پێش ئێستا ئەو راهێنەرە رایگەیاندبوو کە بە شێوەیەکی زارەکی لەگەڵ کارگێڕی یانەکەی رێککەوتووە و لە داهاتوویەی نزیکدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ خولی نایابی کوردستان نوێدەکاتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی