حکومەتی عێراق دەیەوێت وزەی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

حکومەتی عێراق تاوتوێی وەبەرهێنانی وزەی ئەتۆمی دەکات و دەڵێت، بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە و دەیانەوێت وزەی کارەبای لێ بەرهەم بهێنن.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 30.8.2023 ئەم بابەتەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی وروژاند، کە تێیدا فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31.8.2023، عەمید عوسمان ریشە، بەڕێوبەری گشتیی راگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە بە 964ـی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراقن، بەڵام لە بارەی وردەکارییەکەی نازانن.

لە کۆبوونەوەکەی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا بۆ ئاسایشی نیشتمانی، سودانی میوانداری لیژنەی تەکنیکی پرۆژەکانی کەهرۆنەوەوی کردووە و لەگەڵیان باسی کردنەوەی وێستگەی ئەتۆمی کردووە.

“گفتوگۆیان کرد لەبارەی وەبەرهێنانی وزەی ناوەکی، بۆ دەستپێکردن بە دروستکردنی کارلێکەری ناوەکی سنووردار بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبای خاوێن”، وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.

حکومەتی عێراق دەڵێت، وەبەرهێنانی وزەی ناوەکی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەرچاوەکانی تری وزە وەک گاز و نەوت و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیری وزەی کارەبا بۆ ماوەیەکی درێژ.