“پاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ خانه‌قین به‌شی قرتاسیه‌ش ناكات”

964+
توانا نەقی – هەولێر

قەزای خانەقین بەهۆی بوونی دوو بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی، کە یەکێکیان سەر بە حکومەتی هەرێمە و ئەوەی دیکە سەر بە حکومەتی عێراقە، بێ خزمەتگوزاری ماوەتەوە، بەرپرسانی کوردی قه‌زاکەش دەڵێن، بەهۆی بێ پاره‌ییەوە ناتوانین خزمەتی زیاتر بکەین.

ئەندازیار سۆران، سەرۆکی شارەوانیی خانەقین بە 964+ی وت، نەک بە تەنیا شارەوانی بەڵکو زۆربەی فەرمانگەکان دوو بەڕێوەبەر و دوو بینای جیاوازیان هەیە، تەنانەت لە رووی ئیشوکار و دابینکردنی پارە بۆیان زۆر جیاوازن.

سەرۆکە کوردەکەی شارەوانیی خانەقین باسی لەوەش کرد، “پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هەموو شتێک لە ژێر دەستی خۆماندا بوو، سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەکان له‌ لایه‌ن حکومەتی هەرێمه‌وه‌ ده‌كران، بەڵام دوای گەڕانەوەی هێزەکانی عێراق شتەکان گۆڕاون و تا ئێستا بەو شێوەیە بەردەوامە، کە بە دوو ئیدارەی جیاواز بەڕێوە دەبرێن”.

ئەندازیار سۆران لە بارەی ئەو پارەیەشی حکومەتی هەرێم بۆ خانەقین دابینی دەکات، وتی، ئەو پارەیەی حکومەتی هەرێم بۆ خانەقین دەینێرێت، تا چەند مانگێک پێش ئێستا تەنیا یەک ملیۆن دینار بووە، ئێستا بووە بە سێ ملیۆن دیناری مانگانه‌، کە بەشی هیچ شتێک ناکات، تەنانەت به‌شی قڕتاسیەش ناكات بۆ شارەوانی.

“خەڵکی خانەقین چاویان لە دەستی حکومەتی هەرێمە ئاوڕیان لێبداتەوە، ئەگه‌رنا بەو بارودۆخەی ئێستا لە قەزاکەدا هەیە، تەنیا هه‌ستی کوردایه‌تی وای کردووە بەرگەی بگرن”، دلێر سایه‌ وا ده‌ڵێت.

قەزای خانەقین لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، ئێستا بە وتەی دانیشتوانەکەی، زۆر بێ خزمەتگوزارییە و لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بوونه‌ته‌ قوربانی.