کێشەی پاسی هاتوچۆی سێ گەڕەک چارەسەر کرا

964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ماوەیەکە سێ گەڕەکی پارێزگای سلێمانی کێشەی هاتوچۆیان بۆ دروستبووە، ئەمەش دوای ئەوەی فشارێکی زۆر کەوتبووە سەر هەردوو هێڵی پاسی تاسڵوجە و گەراجی بەغداد، سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی بڕیاریدا کێشەکە چارەسەر بکات.

ئازاد ئەحمەد کارگێڕی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە 964ی وت، هەریەکە لە گەڕەکەکانی “کەنەکەوە، کێلە سپی و سەرداراوە هێڵی پاسیان نییە، گەر ئەو دوو هێڵە ئەو گرفتەیان پێ چارە نەکرا، ساڵی نوێ هێڵی پاس بۆ ئەو گەڕەکانە دادەنرێت.

هێڵی گەراجی بەغداد لە دارەسوتاوەکە بۆ تێرمیناڵی سەرەکی سلێمانی دەچێت و لە ناو تێرمیناڵدا پاسیان ئامادە دەبێت بۆ گەیاندنی هاوڵاتیان بۆ سلێمانی.

هێڵی تاسڵوجە 31 پاسیان هەیە و شەش گەڕەکی لەسەرە، بەڵام خۆیان دەڵێن فریای ئەو گەڕەکانە ناکەون، پێشنیاریان بۆ کرا 29 پاسی هێڵی گەراجی بەغدادیان لەگەڵ تێکەڵ بکرێت، بەڵام هێڵی تاسڵوجە رازی نەبوون.

سەندیکای گواستنەوەی سلێمانی چارەسەری گرفتەکەی بەمجۆرە کرد، هێڵی پاسی تاسڵوجە دەبێت بچێتە ناو گەڕەکەکانی کەنەکەوە و کێلە سپی و پاسی گەراجی بەغداد دەبێت بچێتە ناو گەڕەکی سەرداراوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی