ئومێد خۆشناو بۆ سوودانی:

“چ رەوایە لە 24 کاتژمێردا 29 درۆن و موشەک بگرنە هەولێر؟”

وریا فەتاح

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وەڵامێکی توندی ئەو گرووپە چەکدارانەی دایەوە کە خۆیان بە “بەرەی مقاوەمە” دەناسێنن و داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد هەڵوێستی روونی هەبێت بەرامبەر ئەو 29 موشەک و درۆنەی ئاراستەی پایتەختی هەرێم کراون.

ئومێد خۆشناو دەڵێت: زۆر سەیرە گرووپێک خۆی بە بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق بزانێت، کەچی لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێردا 29 موشەک و درۆن بگرێتە هەولێر بۆ تۆڵەکردنەوەی هێرشەکانی سەر ئێران.

پارێزگاری هەولێر داوای لە محەمەد شیاع سوودانی کرد “بەرچاوڕوونی” زیاتری هەبێت، چونکە ئەو گرووپانە بە رەسمی دانیان بە هێرشەکاندا ناوە و ئەمەش پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە.

ئومێد خۆشناو نیگەرانی دەربڕی لەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە لە ناوچەکانی ماددەی 140 بە فراوانی بڵاوەیان پێکراوە، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامیی هاوڵاتییان.

پارێزگار جەختی کردەوە کە هەولێر هێڵی ئاشتی هەڵبژاردووە و نایەوێت رابکێشرێتە ناو شەڕێکەوە کە هی ئەو نییە، بەڵام وەک دەڵێت: “وەک سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێداوە، چیتر لەبەرامبەر دەستدرێژیی بەردەوام بێدەنگ نابین.”