چوار هێندەی مانگی ئایار ئیشان کردووە

مانگی 8 نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە 20 هەزار تێدەپەڕێنێت

964+

شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر

بەهۆی کەمی کاتژمێرەکانی کارەبای  نیشتیمانی مۆلیدە ئەهلیەکان لە هەولێر بەراورد بە مانگەکانی پێشوو دوو هێندە کاریان کردووە و پێشبینی دەکرێت نرخی هەر ئەمپێرێکیان سەرووی 20 هەزار دینار بێت.

تەنیا لەم 23 رۆژەی رابردوو مۆلیدە ئەهلییەکان لە سەنتەری پارێزگای هەولێر 380 کاتژمێر کارەبایان بە هاوڵاتیان داوە، ئەمەش دەکاتە 15 کاتژمێر و 52 خولەک لە کۆی هەر 24 کاتژمێرێک.

ئەگەر بەو بڕە بەردوام بێت، ئەوا لە حەوت رۆژی داهاتوو مۆلیدەکان 115 کاتژمێری دیکە کار دەکەن و بەمەش بڕەکە دەگاتە 495 کاتژمێر.

بەراورد بە مانگی تەمووزی رابردوو کە 315 کاتژمێر بووە، ئەوا 180 کاتژمێر مۆلیدەکان زیاتر کارەبایان داوە، ئەو بڕە زیادەیەش بە تەنیا، زیاترە لە پێدانی کارەبای مۆلیدە لە مانگەکانی نیسان 142 کاتژمێر، مانگی ئایار 122 کاتژمێر.

بەو واتایەی بە تەنیا لەم مانگەدا کە 495 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان، چوار هێندەی مانگی ئایار دەکات.

قارەمان مەولود، سەرۆکی لیژنەی مولیدە ئەهلیەکان لە پارێزگای هەولێر بە 964ـی وت: هیچ ساڵێک وەک ئێستا نەبووە کە نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدا بگاتە 21 هەزار دینار.

ئەو ئامارە کە قارەمان جەوهەر بە 964ـی دا، هەمان ئەو ئامارەیە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر پرسی کێشەی کارەبا لە هەولێر خستیەڕوو.

لە سنووری پارێزگای هەولێر، زیاتر لە دوو هەزار مولیدەی ئەهلی لە لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکان تۆمارکراون، مۆڵەتی کارکردنیان هەیە و بەوتەی بەرپرسانی پارێزگای هەولێر بەشێک لە مۆلیدە ئەهلیەکان ناتوانن 16 بۆ 17 کاتژمێر کار بکەن بۆیە لە بەشێک لە گەڕەکەکان کاتژمێر 5 تا 6 ئێوارە مۆلیدەکان دەکوژێندرێتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق