ئەمساڵ هێڵکاری بۆ رێگاکانی دەرەوەی سۆران ئەنجامدەدرێت

964+

فەرمان سادق

هێڵکاری شوێنی پەڕینەوە لەناو سەنتەری قەزای سۆران دەستی پێکردووە و هاتوچۆش دەڵێت، لەماوەی نزیکی داهاتوو هێڵکاری بۆ رێگاکانی دەرەوەش دەکرێت.

دوای هێڵکاری شەقامەکان لەناو سەنتەری قەزای سۆران، دەستکراوە بە هێڵکاری شوێنی پەڕینەوە، وتەبێژی هاتوچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێت؛ قۆناغی یەکەم 12 شوێن دەستنیشانکراون بۆ ئەوەی هێلکاری پەڕینەوەی رێبوارانی بۆ بکەین، لە قۆناغەکانی داهاتووشدا شوێنە پێویستەکانی تر هێڵکاریان بۆ دەکرێت.

محسین تەحسین، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی وت، دوای تەواوبوونی هێڵکاری شوێنی پەڕینەوە لە سەنتەری سۆران، بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە هێڵکاری بۆ چۆمان، یان خەلیفان و رواندز بکرێت.

وەزارەتی ناوخۆ، ئامێری تایبەتی هێڵکاری بۆ هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابینکردووە، لەوانە ئامێری تایبەتی بۆیەکردنی لێواری شۆستەکان کە ئامێرەکە بەشێوەی ئۆتۆماتیک شۆستەیەک رەنگی سپی لێدەدات و ئەوەی تریان زەرد.

بە هەمان شێوە ئامێری هێڵکاری شەقامەکانیش دابینکراوە بۆ هەموو پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و راهێنانیش بە کارمەندانی ئەندازەی هاتوچۆ لەسەر ئەو ئامێرانە کراون.

محسین تەحسین دەشڵێت: ئێستا بەشێک لە شەقامەکانی دەرەوەی سۆران لە نۆژەنکردنەوە دایە، بە تەواوبوونی کارکردن تێیاندا دەستدەکرێت بە هێڵکاری لە رێگای جوندیان، جوتسایدی گەلی، دێڵزیان، رێگای چوون بۆ چۆمان و رواندز.