قایمقامیەتی راپەڕین هۆشداری دەدات

نابێت کەمالیات و ئارایشتگاکان بەرهەمی قەڵەوبوون و لاوازبوون بفرۆشن

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

قایمقامیەتی راپەڕین دوکانەکانی فرۆشتنی جوانکاری ژنان و ئارایشتگاکان ئاگادار دەکاتەوە، نابێت دەرمانی قەڵەوبوون و لاوازبوونی جەستە بفرۆشن.

هۆشدارییەکە دوای ئاگادارکردنەوەیەکی کۆمەڵەی رووەکناسان دێت بۆ قایمقامیەت، کە ماوەیەک لەو شوێنانە ئەو جۆرە دەرمانە دەفرۆشرێت.

کارزان سلێمان، لێپرسراوی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە بە 964ـی وت، “ئەو بەرهەمانە هی قەڵەوبوون و لاوازبوون و گەورەکردنی سمت  دەفرۆشرێن، نایاسایین و تەندروستی رێگەی فرۆشتنیانی نەداوە”.

وتیشی، “لە دەروازەکانەوە پشکنینمان کردووە و هیچ مەوادێکی لەو جۆرەمان دەستبەسەردا نەگرتووە، بەڵام ئاگادارین لە ساڵۆنەکان و کەمالیاتەکان ئەم جۆرە مەوادانە دەفرۆشرێن، بۆیە هەر کەسێک ئەم بەرهەمانە بفرۆشێت، ناوی شوێنەکەی بڵاودەکەینەوە و تووشی رێکاری یاسایی دەبێتەوە”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد