پەیکەرەکەی مام جەلال بەتەواوی فەرامۆشکراوە
+964
کاروان ساڵح – کەرکوک
لە شوێنێکی لاچەپی کەرکوک، پەیکەرێکی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق دانراوە و دەوروبەرەکەی بووەتە مۆڵگەی زبڵ و پاشماوەی خواردنەوە کحولییەکان.
ئەندازیار فەرەیدون عادل زەنگەنە، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکوک ئەوەی بە +964 وت، “ئەو شوێنەی پەیکەرەکەی لێدانراوە موڵکی شارەوانی نییە، چەندین جار شارەوانی ئەو شوێنەی پاککردووەتەوە، بەڵام شەوان مەیخۆرەکان دوای خواردنەوە، لەو شوێنە پاشماوەکانیان جێدەهێڵن”.
فەرەیدون عادل ئەوەشی وت، داواکاریەکیان بەرزکردۆتەوە بۆ ئیدارەی پارێزگای کەرکووک، ئەو شوێنە بکرێت بە پارکێکی سەرنجڕاکێش و پارێزگاری لێ بکرێت.
ئەو پارکەی پەیکەرەکەی لێدانراوە، دەکەوێتە سەر رێگای کەرکووک-سلیمانی، بەهۆی ئەوەی شوێنەکە کەوتۆتە قەراغی شەقامەکە، شەوان بەشێک لە مەیخۆران کردویانەتە مۆڵگەی سەرگەرمکردن.
+964 پەیوەندی کرد بە ئەحمەد رەفیق، وتەبێژی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەو وتی، “ئەو پەیکەرەی مام جەلال، ساڵی ٢٠١٥ وەکو دیاری لەسەر ئەرکی هەڤاڵێکی یەکێتی دروستکراوە، شوێنەکە بۆ پارک بووە، بەڵام ئێستا بە تەواوی ئەو شوێنە فەرامۆشکراوە”.
جێگەی بیرخستنەوەیە، دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پەیکەرێکی تری مام جەلال لەبەردەم قەڵای کەرکوک دانرا، بەڵام هەر بەزوویی لەلایەن دژە تیرۆری عێراق لادرا، بیانووی لادانی ئەو پەیکەرە ئەوە بوو، کە بە بڕیاری یونسکۆ نابێ سیمای مێژوویی شوێنەکان بشێوێنرێت