عێراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رێککەوتن
964+
فەرمان سادق
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە راگرتنی، تورکیا و عێراق لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان گەیشتنە رێککەوتن.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی نێوان وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری نەوتی تورکیا بێت، هەردوولا رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان، ئەمەش دوای نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 22.8.2023، لە بەیاننامەیەکدا دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوتی خاوی لە رێگەی بۆری جەیهانەوە بۆ تورکیا راگەیاند.
بەپێی رێککەوتنەکە بێت، ئەو بۆرییە نەوتییەکە نۆژەنکردندەکرێتەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکانی ئەم دواییە زیانیان بەرکەوتبوو، ئینجا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.
دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوە نەوت لە کاتێکدایە لە 25.3.2023، هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا راگیرا، کە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی پێنج مانگ دەکات، بە دیاریکراوی 180 رۆژ دەبێت.
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت لە ئەنقەرە لەگەڵ ئاڵپ ئەرسلان بەیرەکتەری، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە.
هەردوولا جەختیان لە گرنگی هێڵی بۆری نەوتی خاو لە نێوان عێراق و تورکیا کردەوە، هەروەها دەستپێکردنەوەی ناردنی نەوتی خاو، دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوە و پشکنین کە پێویستە لە دوای ڕووداوی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی 2023 جێبەجێ بکرێن.
تۆڕی میدیایی 964، کۆپییەکی نامەیەکی دەستکەوت کە وەزیری نەوتی تورکیا بۆ هاوتا عێراقییەکەی ناردووە، دووپاتی کردەوە ئەنقەرە وردەکاری تەکنیکی پشکنینەکانی پێشکەش بە بەغدا کردووە کە “زیان”ی بۆری نەوتی عێراقی ئاشکرا کردووە کە بە بەندەری جەیهانەوە دەبەسترێتەوە، لە ئەنجامدا لە بوومەلەرزەکانی مانگی شوباتی ڕابردوو، لەکاتێکدا داوایکرد رێگە بە تیمێکی تەکنیکی تورکیا بدرێت بۆ پشکنین بۆ ئەو بەشەی بۆرییەکە کە دەکەوێتە ناو خاکی عێراق بۆ دڵنیابوون لە گونجاوی بۆ کارکردن، دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری رابردووەوە وەستا.
نووسراوەکە کە تۆڕی 964 لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتووە، رێککەوتی 2.8.2023ـی لەسەرە، بانگهێشتی وەزیری نەوتی عێراق حەیان عەبدولغەنی کراوە بۆ سەردانی ئەنقەرە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانەکە ئەنجامدرا، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، شاندەکەی حکومەتی عێراق هیچ ئەندامێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی تێدا نەبووە.