بەغدا بە کەمتەرخەم دەزانرێت لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال

+964

عەمار عەزیز – دهۆک

لە کۆی ٨٨ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال ٣٨یان هەڵدراونەتەوە. کارەکە دەبێت بە سەرپەرشتیی بەغدا بکرێت، بەڵام هەرێم و بەغدا بۆ ئەو مەبەستە بە “کەمتەرخەم” ناودەهێنێت.

دوای پەلاماری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر شنگال و رفاندن و ئاوارەکردنی زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی، تا ئێستا ٨٨ گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە و ٣٨ گۆڕیشیان هەڵدراونەتەوە.

+964 لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمەوە دەزانێت، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە سەرپەرشتیی دەکرێن.

هەر بە پێی زانیارییەکانی +964، تا ئێستا رووفاتی ٥٠٠ هاوڵاتیی ئێزدی لەو ٣٨ گۆڕە هێندراونەتە دەرەوە و پێشبینیش دەکرێت زیاتر لە ٧٠٠ رووفاتی تر لەو ٥٠ گۆڕەدا بن، کە هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.

سیروان جەلال، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە +964ـی وت، “کەسوکاری قوربانییانی شنگال گلەیی لە دواکەوتنی هەڵنەدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن، ئێمەش بەغدا بە کەمتەرخەم دەزانین لەو رووەوە.”

ساڵی ٢٠١٩ یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ لە شنگال هەڵدرایەوە و ١٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ش کۆتا جار بووە کە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە گوندی گرزەرک هەڵبدرێتەوە.

“کارەکە ئاسان نییە و پێویستی بە وەرگرتنی نموونەی خوێنی کەسوکاری قوربانیان و دروستکردنی دەستە و چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکانە، بەڵام هێشتا پڕۆسەکە خاوە و لەگەڵ بەغدا قسەمان کردووە هەنگاوی خێراتر لەوبارەوە بنرێت”، سیروان جەلال وای وت.