هەولێر و کەرکوک یەکسان بوون و سەرکەوتن

964+

هێژا خەسرەو – هەولێر

هەڵبژاردەی هەولێر لەگەڵ هەڵبژاردەی کەرکوک یەکسانبوو و بەیەکەوە گەیشتنە قۆناخی داهاتووی جامی کۆماری عێراق لە تۆپی پێ.

لە سێیەم یارییاندا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، هەردوو هەڵبژاردە لە یاریگەی یەکەمی فرانسۆ هەریری بەرامبەر یەکتر یارییان کرد و هەردوو هەڵبژاردە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.

گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 57دا ستار یاسین بە لێدانێکی راستەوخۆ تۆڕی سەرهەنگ موحسینی هەژاند و گۆڵی یەکەمی کەرکوکی تۆمارکرد، لە کاتێکدا یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، لە دوایین ساتدا و لە خولەکی 96دا ئیبراهیم غازی گۆڵێکی کوشندەی بۆ هەولێر تۆمارکرد و لەگەڵ ئەم گۆڵەدا یارییەکەش کۆتاییهات.

لە یارییەکەی دیکەی ئەم گرووپەدا بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردەی دهۆک ئامادەی یاری نەبوو، هەڵبژاردەی سلێمانی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە براوە دانرا.

دوای یارییەکە دڵشاد حەمە رەشی یاریزانی کەرکوک لە لێدوانێکدا بە 964ـی وت: هەموو هەوڵێکمان دا یارییەکە ببەینەوە، ئاستێکی بەرزمان پێشکەش کرد و شایەنی بردنەوە بووین، بەڵام بەهۆی ماندووبوونی یاریزانانی هەڵبژاردەکەمانەوە نەمانتوانی پارێزگاری لە ئەنجامی یارییەکە بکەین، لەبەر ئەوە هەلی بردنەوەمان لەدەست دا و یەکسان بووین.

بەم ئەنجامانە، هەڵبژاردەی کەرکوک بە پلەی یەکەمی ئەم کۆمەڵەیە و هەڵبژاردەی هەولێریش بە پلەی دووەم سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو و هەردوو هەڵبژاردەی سلێمانی و دهۆکیش ماڵئاواییان لە جامی کۆماری کرد.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا