ساڵی داهاتوو بابەتی نوێ بۆ بەشە خۆراکی مانگانە زیاد دەکرێت
964+
فەهمی نەبی
کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک رایگەیاندووە، تا کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستی دابینکردنی بەشە خۆراک وەک خۆیەتی، بەڵام لەساڵی داهاتوو پێشنیازکراوە بابەتی نوێ بخرێتە ناو بەشە خۆراکی مانگانە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لومەی موسەوی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی خۆراک بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەیکردووە دەڵێت، “پێشنیازمان کردووە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی تازە بابەتی نوێ بخرێتە ناو ئەو بەشە خۆراکەی مانگانە بەسەر هاوڵاتیان دابەشدەکرێت”. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری ئەو بابەتانە بکات.
ئەو بەڕێوەبەرەی بازرگانی خۆراک ئەوەشی وتوە، بڕیارە جێکردنەوەی مادە نوێیەکان لە بەشەخۆراکی مانگانە، دابینکردنی لەڕێگەی ئەو پارەیەوە بێت کە مانگانە ناویان دەسڕێتەوە بەهۆی مردنیانەوە، یان لەڕێگەی پارەی بەشە خۆراکی ئەو کەسانەی موچەکانیان لە دوو ملیۆن دینار بەسەرەوەیە.
لەسەرەتای ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دوو بڕیاری دەرکرد، یەکێیان سەبارەت بە ئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراک بوو، ئەوەی دیکەیان بۆ ئەو کەسانە بوو کە موچەکانیان لە سەرووی دوو ملیۆن دینارە.