شوقە دەستناکەوێ بۆ سینگڵەکان

+964

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ڤیدیۆ

بە بڕیارێکی ئاساییشی سلێمانی سینگڵەکان بۆیان نییە شوقە بەکرێ بگرن. بەڵام ئەوانیش واز ناهێنن و لە رێگەی هاوڕێ هاوسەردارەکانیانەوە ئەو کارە دەکەن.

+964 لە زاری نووسینگەکانی خانووبەرەی سلێمانییەوە دەزانێت، سینگڵەکان داواکارییەکی زۆریان هەیە بۆ گرتنی شوقە بەکرێ، بەڵام ئاساییشی سلێمانی ئاگاداری کردوونەتەوە بەکرێدانی شوقە تەنها بۆ خێزانەکانە.

هەڤاڵ شێروان، خاوەنی نووسینگەی بارۆ بۆ خانووبەرە بۆ +964ـی روون کردەوە، ئاساییش پێی وتوون لەو شوقانەدا کە سینگڵەکان دەیگرن “کاری نابەجێ”ـی تێدا دەکرێت بۆیە رێگەیان پێ نادرێت.

دەشڵێت؛ هەندێ حاڵەت هەیە وەک ئەوەی کەسێک لە بۆ سەفەر هاتبێتەوە، یان کاری هەبێت و پشتگیریی کارەکەی هەبێت، یان ئەگەر گەنجێک کێشەی لەگەڵ خێزانەکەی هەبێت و بیەوێت جیا ببێتەوە رێگەیان پێ دەدرێت شوقە بگرن.

بە پێی بەدواداچوونەکانی +964، دەرکەوتووە بەشێک لەو سینگڵانەی دەیانەوێت شوقە بگرن، لە رێگەی ئەو هاوڕێیانەیانەوە ئەو کارە دەکەن، کە هاوسەرگیرییان کردووە و دواتر خۆیان دەچنە شوقەکانەوە.

“ئەو گەنجانەی شوقە دەگرن ژمارەیەکی زۆریان کۆدەبنەوە و دەنگەدەنگ دروست دەکەن و ماڵەکانی تریش ئەوەیان پێ قبووڵ ناکرێت، بەڵام لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکاندا بە شێوەیەکی باش کۆنتڕۆڵی ئەوە کراوە”، سۆران تاڵیب، خاوەنی نووسینگەی ماڵی شار وای بە +964 وت.

+964 پەیوەندیی بە یاسین سەمیع، وتەبێژی ئاساییشی سلێمانییەوە کرد، بەڵام ناوبراو وتی زانیاریی لەوبارەیەوە نییە.