چیتر شێفەکان بێ ئیش نابن
+964
توانا نەقی – هەولێر
لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری کۆمەڵەی شێفەکانی کوردستان دامەزرا و دەڵێن، دەبن بە پشت و پەنای سەرجەم شێفەکان و ئەگەر بێ ئیش بن ئەوا بۆیان دەدۆزنەوە.
دلێر مەحموود، سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی شێفەکان بە 964+ی وت، “بیرۆکەی دامەزراندی ئەم کۆمەڵەیە هی من و دوو شێفی ترە، بیرۆکەکەش کاتێک سەرچاوەی گرتووە زانیمان، ئەم کۆمەڵەیە لە عێراق و وڵاتانی تری دونیاش بوونی هەیە و لە ئێستادا ژمارەمان زیاترە لە ٧٠ شێف”.
شێف دلێر، ئامانجی کۆمەڵەکەی روونکردەوە و باسی لەوەکرد، دەبنە پشت بۆ سەرجەم شێفەکانی کوردستان و هەر شێفێک بێکار بێ دەیخەنە سەرکار، هەروەها خول و راهێنان دەکەنەوە بۆ شێفەکان و گرنگیش بە خواردنە کوردەوارییەکان دەدەن.
964+ دەزانێت، ئامانجێکی تری کۆمەڵەی شێفەکان ئەوەیە، ئەو ژمارە زۆرەی شێفی بیانی کە لە کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان کاردەکەن، چیتر نەتوانن شوێنی شێفە خۆماڵییەکان بگرنەوە.
مەحموود تۆفیق، سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی سلیمانی بە 964+ی راگەیاند، “ئێمە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری هەزار و ٥٠٠ بنکەی گەشتیاریمان هەیە، هەموو ئەو بنکە گەشتیاریانە شێفی هەیە، بۆیە دامەزراندنی کۆمەڵەیەکی وەها زۆر پێویستە”.
باسی لەوەشکرد، کۆمەڵەکەی ئەوان تەواو هاوکارییان دەبن لە سەرجەم کارەکانیان، تەنانەت دابینکردنی شوێن بۆیان و دروستکردنی لیژنەی هاوبەش لە نێوانیان بۆ سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان و خستنە سەرکاری شێفەکان.