پێداویستی خوێندن بۆ سێ دایەنگەی گەرمیان دابیندەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

پێداویستی خوێندن و ئاساس بۆ دایەنگە حکومییەکانی کفری و کەلار و رزگاری دابیندەکرێت و بڕێک پارەی بۆ تەرخانکراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20.8.2023، ژیلوان عادل، بەرێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان بە 965ـی راگەیاند، وەزارەتی دارایی بڕی 28 ملیۆن و 675 هەزار دیناری دابینکردووە بۆ کڕینی پێداویستی خوێندن و ئەساس بۆ هەر سێ دایەنگەی کفری و کەلار و رزگاری.

پێداویستییەکان بریتین لە یاری منداڵان، قەنەفە، سپلیت، فەرش، ساردکەرەوە و هەندێک پێداویستی دیکە و ئەمڕۆ سەردانی دایەنگەکان کراوە بۆئەوەی بزانن چیان پێویستە و لە سبەینێوە دەستدەکرێت بە کڕینی کەلوپەلەکان.

“هەوڵدەدەین کە دایک و باوکان زیاتر منداڵەکانیان ببەنە دایەنگە حکومییەکان، چونکە خەرجی دایەنگە ئەهلییەکان زۆرە”، ژیلوان عادل وای وت.

لیژنەیەک بۆ کڕینی پێداویستییەکان پێکهێنراوە و بڕیار وایە پێش دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، هەموو پێداویستییەکان دابین بکرێن.