پاسێکی گەشتیاری دەردەکەوێت. وێنە:964+
لە مەرزی باشماخ 100 پاس ئامادەکراوە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
لە مەرزی باشماخەوە ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازی لە زیارەتکارانی ئێرانی، چاوەڕوان دەکرێت رۆژانە هەزاران زیارەتکار لە مەرزەکەوە بێنە خاکی هەرێمی کوردستان و تا ئێتسا 100 پاس بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران ئامادەکراوە.
سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە 964ی وت، هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری گواستنەوە کراوە، بە پاس لە مەرزەوە دەیانهێننە شاری سلێمانی بۆ هەر سەرنشینێک بڕی حەوت هەزار دینار وەردەگیرێت، لە سلێمانیەوە بۆ بەغداد بە 20 هەزار دینار دەگوازرێتەوە، گەر گەشتیار بیەوێت راستەوخۆ لە مەرزەوە بچێتە بەغداد بە 27 هەزار دەگوازرێتەوە.
بەوتەی سدیق محەمەد، لیژنەی تایبەت دادەنرێت بۆ رێگریکردن لەهەر قۆرخکاریەک کە بکرێت بەرامبەر زیارەتکاران.
مەریوان کەریم لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەرزی باشماخ بە 964ی راگەیاند، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ هاتنی زیارەتکاران، خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو و خواردن و زیادکردنی شوێنی مۆر کردنی پاسپۆرت دابینکراوە.
ئازاد ئەحمەد کارگێڕی سەندیکای شۆفێران بۆ 964 وتی، پڕۆسەی گواستنەوەی زیارەتکاران لە مەرزەوە بۆ شاری بەغداد تەنیا بۆ یەک کۆمپانیا دەرچووە، نرخی 27 هەزار دیناری داناوە، بەڵام ئەو نرخە زۆر کەمە و ئەو کۆمپانیایە زەرەرمەند دەبێت.
ئەو کارگێڕەی سەندیکای شۆفێران دەڵێت، ئێستا دوو کۆمپانیای دیکە هاتونەتە پێشەوە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران،بەڵام ئەوان بۆ هەر سەرنشینێک لە مەرزی باشماخەوە بۆ سلێمانی 10 هەزار دیناریان داوا کردووە و لە سلێمانی بۆ بەغداد 25 هەزاردینار، بەڵام ئەم بابەتەیان تا ئێستا بڕیارلێنەدراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان مەرزی باشماخ لە رۆژێکا توانای پێشوازی لە 25 هەزار زیارەتکار هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش 100 پاسی گەورە و مامناوەند و مینی پاس دانراوە.
ساڵانە بۆبۆنەی رۆژانی عاشورا و جلەی ئیمامی حوسێن بە ملیۆنان زیارەتکار سەردانی شوێنە پیرۆزکانی شیعە لە نەجەف و کەربەلا دەکەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی