بەرهەمی نوێی ئەیوب عەلی دوێتی هەورامییە


شۆڕش هەرکی – هەولێر

هونەرمەند ئەیوب عەلی خەریکی کاری نوێیە و ئەمجارەیان دوێتێکی هەورامی هەیە و بەشێوەزاری کرمانجیش بەرهەمی نوێی هەیە.

ئەیوب عەلی بۆ 964 قسەیکرد وتی، “دوو بەرهەم بەشێوەزاری سۆرانی و کرمانجی لەبەردەستدایە، لەگەڵ گەنجێکی دەنگخۆش بەشێوەزاری هەورامی بەرهەمێکی تەواو کوردییانە دوێتمان دەبێت، بەڵام ئاشکرای نەکرد، ئەم هونەرمەندە کێیە و لەکام رەگەزە”.

ئەو هونەرمەندە نیازمەندی خۆی بۆ نوێکردنەوەی گۆرانی “خۆرنەوەزان” ئاشکرا کرد، ئەو وتی، بڕیار لای موزیسیان سامان ساڵحە، چونکە ئەو خاوەنی ئاوازەکەیە”.

“زیاتر بەستایلی ئەرەبێسک ناسرام و دەرکەوتووم، بەڵام لە ڤیستیڤاڵە جیهانییەکان بەستایلی کوردی و کرمانجی بەشداردەبم، بۆ زیاتر نێشاندانی بەرهەمی کوردی”. هونەرمەند ئەیوب عەلی وای وت.

هونەرمەند ئەیوب عەلی  لەوڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە، ئەگەرچی خۆی لەدایک بووی شاری سلێمانییە، بەڵام کۆلیژی ئەندازیاری لە هەولێر تەواو کردووە و لەساڵی نەوەدەکان وەک هونەرمەند دەرکەوتووە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی