ئەوقاف داوا دەکات کاتی نوێژی هەینی کارەبای مزگەوتەکان نەکوژێننەوە

دیلان محەمەد جەزا

بەهۆی گەرما و نەبوونی کارەبای نیشتمانی دوو هەفتەیە بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی مزگەوتەکان وتاری هەینیان کورت کردووەتەوە و بەشێکیشیان وتاریان نەداوە.

هەر ئەمڕۆ هەینی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی ئاکرێ، مامۆستایەکی ئاینی بەهۆی نەبوونی کارەبا و گەرماوە، وتاری هەینی نەخوێندەوە، هەفتەی رابردووش ژمارەیەک مزگەوتی هەولێر وتاریان نەخوێندەوە و یان بۆ کەمتر لە 10 خولەک کورتیان کردەوە.

لەسەر نەبوونی کارەبا لەکاتی نوێژی هەینی لە مزگەوتەکان، ئەوقافی سلێمانی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەکات لەکاتی نوێژی هەینیدا کارەبا لە مزگەوتەکان نەکوژێنەوە بۆ ئەوەی نوێژی هەینی بە باشی بەڕێوە بچێت. 

ئاکۆ حەسەن، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە 964 وت، ئەو داوایەمان کردووە، ئەگەرچی بە گشتی ئێستا دۆخی کارەبای مزگەوتەکان باشە، هەندێکجار کارەبا دەکوژێتەوە، بەڵام کێشەیەکی بەردەوام نییە.

دەشڵێت: رێنمایمان داوە بە وتاربێژان کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کەسانی بە تەمەن و نەخۆش، کاتی وتارەکانیان لە 30 خولەک با زیاتر نەبێت.

لە شاری سلێمانی نزیکەی 300 مزگەوت هەیە، نیوە زیاتری ئەو رێژەیە نوێژی هەینی تێدا دەکرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق