یاریزانێكی پیشه‌گه‌ری ئێرانی له ژێر په‌تی سێداره‌یه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
یاریزانێكی پیشه‌گه‌ری ئێرانی به تۆمه‌تی به‌شداریكردن له خۆپێشاندانه‌كانی ئێران ده‌ستگیركراوه، مه‌ترسی له سێداره‌دانی له‌سه‌ره، رێكخراوی یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كانی جیهانیش داوای ئازادكردنی ده‌كه‌ن.
ئەمیر ناسر ئازادانی، یاریزانێكی تۆپی پێی ئێرانه، له ماوه‌ی رابردوو بەهۆی پەیوەندیی بە خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌م وڵاته ده‌ستگیر كراوه و رووبەڕووی هەڕەشەی لە سێدارەدان بووه‌ته‌وه.
ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە دوای مردنی ژینا ئه‌مینی سەری هەڵداوه و ماوه‌ی زیاتری سێ مانگه به‌رده‌وامه، كه كچه كوردێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو، له تاران به هۆی لێدانی پۆلیسی ره‌وشته‌وه گیانی له‌ده‌ست دا.
گرووپە چالاکوانەکانی مافەکان له ئێران دەڵێن، تۆمه‌ته‌كانی سه‌ر ئه‌میر ناسر درۆن و ئه‌و قوربانیی دادگاییکردنێكی ساختەیە، كه ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت به په‌له سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌ربكات، هه‌روه‌ك چۆن دوو خۆپێشانده‌ری دیكه به هه‌مان شێوه له چه‌ند رۆژی رابردوو له سێداره دران.
لە راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، ئازادانی تەمەن 26 ساڵان، یاریزانی یانەی جاڤانی ناوخۆییە، لەگه‌ڵ شەش کەسی دیكه چاوەڕێی دادگاییكردنن لەسەر ئەو تۆمەتانەی، کە ره‌نگه سزای لەسێدارەدانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دوێنێ سێشەممە، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی یاریزانانی پیشەگەری تۆپی پێ (فیفپرۆ) پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئازادكردنی ئه‌میر ناسڕ ئازادانی راگەیاند.
فیفپرۆ لە توویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆیان نووسیویانه: “فیفپرۆ تووشی شۆکه و بێزارە لەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن یاریزانی پیشەگەری تۆپی پێ ئەمیر ناسر ئازادانی لە ئێران رووبەڕووی لە سێدارەدان دەبێتەوە، دوای ئەوەی بانگەشەی بۆ ماف و ئازادییەکانی ژنان لە وڵاتەکەیدا كردووه، ئێمە وه‌ك هاوسۆزی لەگەڵ ئەمیر وەستاوین و داوا ده‌كه‌ین دەستبەجێ سزاكه‌ی هەڵبوەشێنرێتەوە”.
ئەمیر ئازادانی پێشتر لە یانەکانی سپاهان، را ئاهن و تراکتۆرسازی یاریی کردووە، پێش ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2021 روو بکاتە یانه‌ی “ئیران جوان بوشه‌هر” كه له پله سێی ئێران یاریی ده‌كات، هەروەها بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ته‌مه‌ن ژێر 16 ساڵانی ئێران یاریی كردووه.