دوو ئەفسەر بە هۆکاری رەوشتی خانەنشین کران

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق بڕیاری دا، دوو ئەفسەری پۆلیس خانەنشین بکات، چونکە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بە جلی فەرمیەوە لەگەڵ چەند ژنێک دەرکەوتوون، وەزارەتی ناوخۆ ئەمە بەپێچەوانەی ئەخلاقی پیشەیی دەزانێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە واژۆی عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق، وەزارەتی ناوخۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

تێیدا هاتووە، دوو ئەفسەری پۆلیس بە پێی مادەی چواری وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 20ی ساڵی 2016 سەرپێچی کاری ئەخلاقییان کردووە، بۆیە بە پێی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2012 خانەنشین دەکرێن.

ئەو دوو ئەفسەرە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە دوو کاتی جیاواز بە جلی فەرمییەوە لەگەڵ چەند ژنێک دەردەکەون، وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، ئەمە سەرپێچییە بۆ سەر یاساکانی پیشەیی و ئەخلاقی، کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی پۆلیس دروست دەکات.