جیاوازی نرخی دەرزییەک لە نێوان کەرتی تایبەت و گشتی ٨٠٠ هەزار دینارە

+964

توانا نەقی – هەولێر

هێنانی دەرمانی قاچا‌غ بەهۆی رێکارەکانی حکومەتەوە ناگاتە نەخۆشخانە گشتییەکان، بەڵام ئەو دەرمانانە بە ئاسانی دەگاتە نەخۆشخانە تایبەتەکان و چاودێرییان لەسەر نییە، بە قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکی سلێمانی.

پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی بە 964+ی وت، کۆمەڵێک رێکار کە حکومەت دەریکردووە بەس لە کەرتی گشتی جێبەجێدەکرێت و لە کەرتی تایبەت چاودێری لەسەر نییە، ئەمەش وایکردووە وەک پێویست نەتوانن خزمەتی خەڵک بکەن.

ئەو بەڕێوەبەرە نمونەی ئەوەی هێنایەوە، کە دەرزییەک هەیە بۆ بەرگری لەش بەکار دەهێندرێت و زۆر پێویستیان پێیەتی، “لە کەرتی تایبەت بە 200 هەزارە و ئێمە دەبێت بە یەک ملیۆن دینار بیکڕین”.

باسی لەوەشکرد، ئەو دەرمانەی لە کوالێتی کۆنترۆڵ تێنەپەڕێت و ستیکەری نەبێت ناتوانن بیکڕن، بە پێجەوانەوە کەرتی تایبەت بە ئاسانی دەرمانی قاچاغی دەست دەکەوێت و دەیفرۆشنەوە.

بۆ ئەمە، 964+ پەیوەندی کرد بە سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی، ئەو رەتیکردەوە ئاگاداری ئەو بابەتە بێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان ماوەی مانگ و نیوێکە داخراوە، بە قسەی دکتۆر پێشڕەو، حکومەتی هەرێم گرێبەستی پەرستارەکانی نوێنەکردووەتەوە بۆیە ئەو بەشە بێ کارمەند ماوەتەوە و داخراوە.