هەموو پارێزگای هەڵەبجە یەک پۆندی تەواونەکراوی هەیە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریداوە، پارێزگای هەڵەبجە بکاتە خاوەنی یەکەم پۆند، بەرپرسانی ئاودێری ئەو شارە دەڵێن، %20ی پۆندەکە تەواو کراوە.

ئەشرەف حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ سێشەممە بۆ 964 وتی، “دەمانەوێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دروستکردنی پۆندەکە بگەیەنینە ئاستێک، رێڕەوی بۆ بکرێتەوە و رێگری لە لافاو بکات و کێشە بۆ پۆندەکەش دروست نەبێت”.

بە وتەی ئەشرەف حەسەن، مەبەست لە دروستکردنی پۆندەکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و زۆرکردنی سامانی ماسی و گەشەسەندنی لایەنی گەشتیارییە.

پۆندی پرێسی دەکەوێتە گوندی پرێسی سەروو لە پارێزگای هەڵەبجە، 750 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و بڕیارە بە 400 رۆژ تەواو بکرێت، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت وا بڕیارە 110 هەزار مەتر سێجا ئاو بگرێت، “بەڵام ئێمە تواناکانی ئەو پۆندەمان بەرزکردەوە بۆ 150 مەتر سێجا”.