پارتی بۆ یەكێتی: لە بەرپرسیاریەتی رامەكەن

+964

كوردستان ئەحمەد- هەولێر

دوای ئەوەی تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی بەیاننامەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دایەوە، تیمی پارتی لە حكومەت دەڵێت، یەكێتی لە بەرپرسیاریەتی رادەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند،” هیچ وه‌زیرێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌ حكومه‌ت، بەهۆی بایكۆتەوە بەشدار نەبووە لە كۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، یەكێتی نیشتیمانی وەڵام بەیاننامەكەی حكومەتی دایەوە و لە بەیاننامەیەكی سێ خاڵیدا دەڵێت، یەكێتی بێڕێزیمان پێدەكات.

دوای بەیاننامەكەی تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، تیمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی بەیاننامەكەی دایەوە و دەڵێت، یەكێتی لە بەرپرسیاریەتی رادەكات.

لە راگەیەنراوەكەی پارتیدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تیمی وەزاری حزبەكەی وتوە بەشداری لە كۆبونەوەكانی حكومەتی هەرێمی نەكەن و نەیهێشتوە وەزیرەكانی یەكێتی بەشداری لەدانیشتنەكاندا بكه‌ن.

“ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە کاروبارەکانی حکومەت دووربن لە هەموو کێشەیەکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە تیمی وەزاریی یەکێتی لەم رووەوە هاوکار نین”، تیمی پارتی لە حكومەت وادەڵێن.

دەقی راگەیەنراوەكەی تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان:

بەڵێ ئێوە بایکۆتتان کردووە ئیتر بۆ بە گوتنی راستییەکان قەڵس دەبن، دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە شاری هەولێر ئەنجام درا و بووە هۆی شەهیدبوونی عەقید هاوکار جاف، کە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە لە بەرچاوی خێزان و منداڵەکانی تیرۆر کرا و دوای ئەوەی هێزەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، تۆمەتبارانیان دۆزییەوە و بە بەڵگەی تەواوەوە لە سەر کەناڵەکانی راگەیاندن دانیان بە تاوانەکەدا نا، چاوەڕوان دەکرا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران هاوکاری دادگاکان بکات، کەچی خۆی و سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فشارێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئەم تاوانە قێزەونە پەردەپۆش بکرێت و سازشی لە سەر بکرێت ، بەڵام دوای ئەوەی هیچ سازشێک لە سەر پەردەپۆشکردنی تاوانەکە نەکرا، بۆیە جێگری سەرۆک وەزیران بڕیاریدا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکات و داواشی لە تیمی وەزاری یەکێتی کرد بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەن.

هەرخودی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران لە سەر بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی رێگری کرد و نەیهێشت وەزیرەکانی یەکێتی بۆ جاری دووەم بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بۆیە شاندەکە لە ئێوارەی 12/11 بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری گەڕانەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان و داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە کاروبارەکانی حکومەت دووربن لە هەموو کێشەیەکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەڵام بەداخەوە تیمی وەزاری یەکێتی لەم رووەوە هاوکار نین.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، دەنگی لە سەر ناردنی 400 ملیار دینارەکە دا وەک دەربڕینی نیازپاکی و پابەندبوون بەو رێککەوتننەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدرال کراوە، هەروەها لە سەر بنەمای کارنامەی وەزارەی حکومەت، کەچی راگەیاندنی فەرمی یەکێتی هەر زوو خۆی کردە خاوەنی ئەم بڕیارە، کە گوایه‌ بە هەوڵی یەکێتی ئەم بڕیارە دراوە، لە کاتێکدا تیمی وەزاری یەکێتی بە ئاشکرا ئامادە نەبوون بچێتە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.

بە داخەوە ئێوە هەمیشە خۆتان دەکەنە شەریک و خاوەنی دەسکەوتەکان، بەڵام لە کاتی پێویستیشدا، لە بەرپرسیاریەتی رادەکەن و ئامادە نین بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژوەندییە تایبەتی و حیزبییەکانتان.