2023 گەرمترین ساڵی مێژووە
964+
فەرمان سادق
شارەزایانی کەشوهەوا پێشبینی دەکەن ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بێت لە مێژوودا.
سارا کابنیک، گەورە زانای لە ئیدارەی نیشتمانی بۆ زەریاکان و بەرگە هەوا لە حکومەتی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە پێدەچێت ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بێت.
تاوەکو ئێستا ساڵی 2023، یەکێکە لەو پێنج ساڵەی کە هاوینەکەی لە پۆلێنی یەکەمدان لە گەرمی.
سارا کە قسەی بۆ رۆژنامەوانان کردووە، زیاتر روونی کردووە، بە رێژەی 99% پیدەچێت ساڵی 2023 بێتە ریزبەندی یەکەم و ببێتە گەرمترین ساڵ لەو پێنج ساڵەی کە گەرمترین ساڵ بوون لە پێشتردا.
لای خۆیەوە گافین شمیدت، بەڕێوەبەری پەیمانگەی گودارد بۆ توێژینەوەی گەردوونی کە سەر بە ئاژانسی گەردوونناسی ئەمریکی (ناسا)ـیە، دەڵێت؛ پێدەچێت ساڵی 2024 لە 2023 گەرمتر بێت بەهۆی دەرکەوتنی دیاردەی ئاڵ نینیۆ.
بە قسەی شمیدت بێت، ئاڵ نینیۆ دیاردەیەکی کەشوهەوای خولگەییە لەسەر زەریای هێمن روودەدات کە دەبێتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
دەشڵێت: ئەمەیە پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت ساڵی 2024 لە 2023 گەرمتر بێت.
هاوکات بەگوێرەی ناوەندی کوبرنیکۆسی ئەوروپی، مانگی تەمووزی رابردوو گەرمترین مانگ بووە لە ماوەی 174 ساڵی رابردوو.