زیاتر لە هەزار پاس عیلاجی هەولێر ناکات

964+

شۆڕش عەبدولستار – هەولێر

ڤیدیۆ

لە شاری هەولێر هەزار و ٧٠ پاسی گواستنەوە هەن، بەڵام هێشتا پاسەکان سەرنشینی زیاد لە پێویست هەڵدەگرن و ئەوەش سەرنشینەکانی دیکە بێزاردەکات.

پەیامنێری 964+ لەگەڵ پاسێکی ناو یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر سەرکەوت، لەوێ دیاربوو کە خەڵکی زیاتری تێدایە وەک لەوەی دەبێت هەبێت.

زێڕۆ ستار، یەکێک لە سەرنشینەکانی ناو پاسەکە بوو، ئەو وتی، “من رۆژانە بە پاس هاتوچۆی دەوام دەکەم، بەڵام بە راستی شۆفێرەکان بێتامیان کردووە، لەوەی نەفەری زۆر زیاتر هەڵدەگرن، ئەوەش دەبێتە جەنجاڵی”.

لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لە هەولێر هێڵی گواستنەوەی کۆستەر و پاس هەیە.

عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر لەبارەی ئەو بابەتە بە 964+ی وت، لە کۆندا پاسی حکومەت هەبوون، کە بۆ بەستنەوە شارەکان بوو بە یەکتری، بەڵام نەما و گۆڕدرا، “ئێستا ئەگەرچی هەزار و ٧٠ پاسمان هەیە لە ناو شار بەڵام کۆنترۆڵی هەموو ئەوانەمان پێناکرێت”.

ئەو هەزار و ٧٠ پاسە لە ٣٣ هێڵی گواستنەوە کاردەکەن، بریتین لە پاسی گەورەی ٤٥ نەفەری، ناوەندیی ٢٥ نەفەری و بچوکی ١٤ نەفەری.

بەڕێوەبەرەکەی گواستنەوەی پاسی هەولێر دەڵێت، بەپێی رێنمایی هەر شۆفێرێکی پاس سەرنشینی زیاتر هەڵبگرێت، ئیتر بە وەستاوی بێت یان لە کاتی رۆیشتن، دەبێت سزا بدرێت.

ئەو روونیکردەوە، کە ئەوان فەرمانگەیەکی مەدەنین و توانای سزادانیان نییە، وتی، “سزادانی پاسەکان ئەرکی پۆلیسی هاتوچۆیە”.