هه‌فته‌ى داهاتوو سنووره‌كانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران تووندوتۆڵ ده‌كرێنه‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

بڕیاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كی كردارى، ده‌ست به‌ تووندوتۆڵكردنه‌وه‌ى سنووره‌كانى هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئێران و توركیا بكرێت و جگه‌ له‌دانانى پاسه‌وان ، پێداویستییه‌كانى وه‌ك كامێرای گه‌رمبین و ئوتومبێل و كه‌ره‌سته‌ى دیكه‌شی لێ جێگیر ده‌كرێن، ته‌واوى خاڵى سفری سنوورى نێوان هه‌رسێ لاش پڕده‌كرێنه‌وه‌.

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق رایگەیاند، “به‌ پشتبەستن بە بەهێزکردنی هەوڵی کارگێڕیی لە رێگەی دابینکردنی پارەی پێویست، هه‌فته‌ى داهاتوو میکانیزمەکانی تووندوتۆڵکردنی سنووری عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران ده‌ستپێده‌كه‌ین”

 ئه‌و قسه‌یه‌ى وته‌بێژى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق له‌میانى كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌ش بوو كه‌ رۆژی دووشه‌ممه ١٢ی كانوونى یه‌كه‌م له‌هه‌ولێر سازكرا، دواى ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ باڵا ئه‌منیه‌كه‌ى نێوان هه‌رێم و عێراق، به‌ ئاماده‌بوونى هه‌ردوو وه‌زیرى ناوخۆ و فه‌رمانده‌ باڵاكانى نێوان هه‌ردوولا، له‌هه‌ولێر ئه‌نجامدرا. 

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، گەشبینی خۆی له‌و کۆبوونەوەیه‌ راگه‌یاند و وتی، “ئامانجمانه‌ پەلە لە پرۆسەی دەستکردن بە تووندوتۆڵکردنی سنووره‌كانمان بكه‌ین.”

به‌پێی زانیارییه‌كان، لە ته‌واوى عێراقدا سێ ناوچەی هێزەکانی سنوور هەیە، ئەوانیش ناوچه‌كانى یەک، دوو و سێ. ناوچەی یەک، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە، کە بارەگاکەی لە هەولێرە، کۆی ئەندامانی ئەو ناوچه‌یه‌ش نزیکەی ٦٥٠٠ کەسە.

لای خۆیه‌وه‌ ، لیوا سەعد مەعه‌ن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەردانەکەی بۆ هه‌ولێر بە “گرنگ” زانى و باسی لەوە کرد، “ئامانجی سەردانەکە بۆ کێشانی وردەکاریی سیما سەرەکییەکانی پەیوەست بە تووندوتۆڵکردنی سنووری عێراقە لەگەڵ تورکیا و ئێران. ئەمەش لە رێگەی فەرماندەی پاسەوانی سنوور ناوچەی یەک. گفتوگۆ لەسەر زۆر لە وردەکارییەکان کرا، لەبارەی پێویستی مرۆیی و کردنەوەی خاڵی سنووریی و و وردەکاری لۆجیستی دیکە.”

 سەبارەت بە دامەزراندن لە هێزی پاسەوانی سنوور، ئه‌و فەرماندەیه‌ وتیشی “میکانیزمی دامەزراندن، بەپێی رێکارە کارپێکراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەخشی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت. لێکتێگەیشتن هەیە و لە ئایندەدا رادەگەیێندرێت. هێزی ناوچەی یەک، زیاد دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن سنووری عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران تووندوتۆڵ و بەهێز بکەن.”