لە حاڵەتێکی دەگمەندا
سەگی ئاوی لە خانەقین دەرکەوت
964+
راژان باجەلان- خانەقین
دوای نزیکەی بیست ساڵ خانەقینیەکان دیمەنی ئەم سەگانەیان بینییەوە، دیمەنێک کە بۆ ئێستا زۆر نامۆیە، بەڵام جاران پێی ئاشنا بوون.
ئەم دیمەنانە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر تۆمارکراون، چەند سەگێکی ئاوی لە رۆخی رووباری ئەڵوەند دەرکەوتوون، ئەم شوێنە ساڵانێکی دوور و درێژ شوێنی باوو باپیرانی سەگە ئاوییەکان بووە، بەڵام ئێستا بە میوانی بۆی هاتوون و لای هەموو خەڵکی ناوچەکە باسی ئەم میوانە دێرینە باسێکی گەرمە.
عەباس سۆفی پیاوێکی ناسراوی خانەقین، جاران زۆری لەم سەگە ئاوییانە دیوە، بەڵام ئەوەی ئەمجارەی بەلاوە سەیرە.
سەگی ئاوی یان ئەوەی لە کوردەواریدا پێی دەوترێت (سەگڵاو) لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە لە عێراق زۆری لێ بینراوە، ئەم جۆرەیان، نیشتمانی راستەقینەیان هۆڕەکانی خوارووە، بە ژمارەی زۆریش لە ئاوی ئەڵوەن دەرکەوتوون، بەڵام بەهۆی بەنرخی پێستەکەیانەوە ئەوەندەیان لێ راوکرا کە کەمیان ماوەو لە ئەڵوەنیش سەریان هەڵگرت.
بۆ سۆراغی ئەم سەگە شەش رۆژی جیاواز بە ئێوارەو شەوان چووینە ئەو شوێنانەی کە سەگە ئاوییەکانی لێ بینراوە، بەڵام هیچمان بەدی نەکرد، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ژمارەیان ئەوەندە کەمبووەتەوە زۆر بەرێکەوت دەکەونە بەرچاوو، بۆیە چاوەڕوانییەکەی ئێمەش بێ ئەنجام بوو.