بانکی ناوەندی و راگەیاندن یاری بە نرخی دۆلار دەکەن

964+

فەرمان سادق

بانکی ناوەندی خستنەڕووی بۆ ناوخۆ زیاد کرد و 700 دینار بەهای دۆلاری دابەزاند.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 9.8.2023، بەهای 100 دۆلار لە بازاڕی دراوی هەولێر گەیشتە 154 هەزار، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ئێوارەی دوێنێوە بەهای دۆلار لە هەڵکشان دایە.

کاتژمێر 12:30ـی ئەمڕۆ، بانکی ناوەندی فرۆشتنی دۆلاری راگەیاند.

بۆ ئەمڕۆ بانکی ناوەندی 210 ملیۆن و 468 هەزار و 26 دۆلاری فرۆشت و لەم بڕەدا 47 ملیۆن و 230 دۆلاری بۆ بازاڕی ناوخۆ بووە و 163 ملیۆن و 238 هەزار و 26 دۆلاریشی بۆ حەواڵەی دەرەکی بووە.

کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، دوای خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی، بەهای دۆلار 800 دینار دابەزی و لە 154 هەزارەوە بووە بە 153,200 دینار.

دەشڵێت: یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵکشان و داکشانی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندی و کەناڵەکانی راگەیاندن.

کەیفی خۆشناو، ئەوەشی روونکردەوە کاتێک کەسانێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن شیکاری هەڵکشانی دۆلار بۆ 170 یان 200 هەزار دینار دەکەن کاریگەری بەسەر بازاڕ دروستدەکات، بەتایبەت لەو کاتەی بانکی ناوەندی کەمتر لە 20 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕی ناوخۆ.

زیاتر وتیشی “ئەگەر بانکی ناوەندی وەک ئەمڕۆ کە 47 ملیۆنی خستە بازاڕ، سبەیش هەمان بڕ و زیاتر بخاتە بازاڕ، ئەوا بەهای دۆلار بۆ 152 هەزار دینار دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر یەکشەممەی داهاتوو 16 ملیۆن بخاتە بازاڕ، ئەوا جارێکی تر بەهای دۆلار هەڵدەکشێتەوە”.

ئەو شارەزایەی بازاڕی دۆلار باس لەوەش دەکات، ئەگەر بانکی ناوەندی بە بەردەوام رۆژانە سەرووی 35 ملیۆن دۆلار بخاتەڕوو بۆ بازاڕی ناوخۆ، ئەوا دۆلار لە بازاڕ زۆر دەبێت و بەهای بۆ خوار 150 هەزار دینار دادەبەزێت.