لە دوای سرێدس نۆرەی زوومە

واتسئەپ رکابەری زووم دەکات

964+

عادل کانەبی

لە دوای تویتەر مارک زۆکەربێرگ سەرۆکی کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی واتسئەپیشە دەیەوێت رکابەری ئەپی ZOOM بکات و لە رێگەی تایبەتمەندییەکی نوێوە کە بڕیارە بۆ واتسئەپ زیادی بکات دەیەوێت فەرشەکە لە ژێر قاچی “زووم” دەربهێنێت

بەڕێوەبەری کۆمپانیای “مێتا” مارک زوکەربێرگ، رایگەیاند کە پلاتفۆرمەکەی کار دەکات لەسەر زیادکردنی تایبەتمەندی “هاوبەشکردنی شاشە” لە کاتی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکان، کە ئەمەش لە چەند هەفتەی داهاتوو بڵاو دەبێتەوە.

زوکەربێرگ، لە ئەکاوەنتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پۆستێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە واتسئەپ توانای هاوبەشکردنی شاشەکەت زیاد دەکەین لەکاتی پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی.

ئەم تایبەتمەندییە پێشتر لە ئەپی زووم هەبوو کە یارمەتی بەکارهێنەرانی دەدات لە کاتی کۆبوونەوە تایبەتەکان شاشەی مۆبایل یاخود شاشەی کۆمپیوتەرەکەیان شێر بکەن بۆ ئەوەی ئەو بابەتانە روون بکەنەوە کە مەبەستیانە.

کۆمپانیای مێتا لە ماوەی رابردوودا کار لەسەر زیادکردنی تایبەتمەندی نوێ بۆ فراوانکردنی بەکارهێنانی “واتسئەپ” لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، لەوانە نامەی ڤیدیۆیی، و دروستکردنی چەناڵ و هەروەها قفڵکردنی گفتوگۆکانت بە کۆد بە مەبەستی پاراستنی زانیارییە تایبەتەکان.

شایەنی باسە کە کۆمپانیای مێتا لە ماوەی رابردوو ئەپێکی نوێی بە ناوی سرێدز بۆ رکابەرایەتیکردنی تویتەر خستە بەردەست بەکارهێنەران، کە لە پێنج رۆژی دەستپێکیدا 100 ملیۆن بەکارهێنەری ئینستاگرام ناوی خۆیان تێیدا تۆمارکرد و بە رکابەرێک بۆ تویتەر سەیرکرا، چونکە ئەویش بە هەمان شێوەی تویتەر رێگە بە بەکارهێنەر دەدات نووسین بڵاوبکاتەوە.