دوو مانگ مۆڵەت دەدرێتە خاوەن زەوییە سندوقییەکان تا مامەڵە پێشکەش بکەن

+964

فەرمان سادق

دوای ئەوەی رەزامەندیان پێدرا خانوو لەسەر زەوییە سندوقییەکان دروست بکەن، پارێزگاری هەولێر دەڵێ؛ دوو مانگ مۆڵەتیان پێدراوە تا مامەڵەی دروستکردنی خانوو لەسەر ئەو زەوییانە پێشکەش بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ـی کانونی یەکەم، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگرانی پارێزگارو یاریدەدەری پارێزگارو سەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان، پێوەند بە دانانى میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنى بڕیاری رەزامەندی سەرۆکی حکومەت بە خاوەنی زەوییە سندوقییەکان و چۆنیەتى گرتنەبەرى رێکارەکانى پێشکەشکردنى داواکارى هاوڵاتییان، دوو مانگ مۆڵەتیان پێدراوە تا مامەڵە پێشکەش بکەن.

زەوی سندوقی، ئەو زەوییا زیادەڕۆییانە دەگرێتەوە کە خانووەکانی تەنیشتیان لەسەر زەوی زیادڕۆ دروستکراون، بەڵام رێگە بەوان نەدراوە.

بەپێی بڕیاری کۆبوونەوەکە، ئەوا لە ئەمڕۆوە تا دوو مانگی دیکە، واتە تا ١٢ـی شوباتی ٢٠٢٣، خاوەنی ئەو زەویانە دەتوانن مامەڵەی دروستکردنی خانوو پێشکەش بە قائیمقامیەتى سنوورەکەیان بکەن بۆ دروستکردنى خانوو و تاپۆکردنى زەوییەکانیان.