فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا خه‌ڵاتێكی هاوبه‌ش دەبه‌خشنه‌ ژینا ئه‌مینى

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌هاوبه‌شی خه‌ڵاتى مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا بۆ ئەمساڵ دەبه‌خشنە‌ ژینا ئه‌مینى.

خەڵاتی (مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا – 2022) خەڵاتێکی ساڵانەو هاوبەشی ئەڵمانیاو فەڕەنسایە کە ئەو دوو وڵاتە ساڵی ٢٠١٦ بڕیاریان لە بارەوە داوە، ساڵانە لە رۆژی ١٠ـی کانونی یەکەم بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەدرێت بەو کەسانەی لەپێناو مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشن.

خەلاتە هاوبەشەکە، ساڵانه‌ له‌رێگه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه ده‌به‌خشرێت، بۆ ئەمساڵیش بەخشرایە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران کە ماوەی سێ مانگ دەبێت بە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر شەقامن و داوای مافەکانیان دەکەن.

وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا، كاترینه‌ كولونا وئانالینا بیربۆك  له‌ تویتێكی هاوبه‌شیان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ڵاتى “مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا – 2022” ده‌به‌خشنه‌ ، ژینا ئه‌مینى و ژنانى ئێران كه‌ ئازایانه‌ له‌دژی رژێمی ئێرانى وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و تێده‌كۆشن له‌پێناوى ئازادیدا.

كاترینه‌ كولونا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا به‌ هاشتاگى “ژن، ژیان، ئازادى” كه‌ به‌ زمانى فه‌ڕه‌نسی نوسیویه‌تى، ده‌ڵێ “ئه‌و هاشتاگه‌ دروشمێكی جیهانیه‌ و هه‌موو لایه‌كی شۆك كردووه‌، چونكه‌ به‌بێ ئازادى مافه‌كانى ژنان وه‌ده‌ست نایێن، خه‌ڵكی ئێرانیش له‌ژێر ئه‌م دروشمه‌ به‌دواى ژیانێكی ئاسایی و دووره‌ له‌ تووندوتیژی ده‌گه‌ڕێن”.

ده‌شڵێ “ئه‌و خه‌ڵاته‌ ده‌به‌خشینه‌ گیانى زیندووى ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ى گیانیان له‌ ده‌ستدا و له‌سێداره‌ دران، كه‌ له‌ناویاندا ده‌یان منداڵى ئێرانی هه‌یه‌”.

لای خۆشییه‌وه‌، ئانالینا بیربۆك وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا، ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ى خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، رژێمى ئێران زیاتر له‌ ٤٥٠ ژن و پیاو و منداڵى كوشتوه‌ و زیاتر له‌ ١٨ هه‌زار كه‌سیشی ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ له‌ناویاندا چالاكوان هه‌ن.

ژینا ئه‌مینى، كچه‌ كوردى چالاكوان ماوه‌ى ٨٧ رۆژه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیڕشادی كۆماری ئێران كوژراوه‌و له‌و رۆژه‌شه‌وه‌ تا ئێستا خۆپیشاندانه‌كان له‌ زۆربه‌ى شارو شارۆچكه‌كانى ئێران و رۆژهەلاتى کوردستان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و به‌ سه‌دان كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانى.