سەنتەری شاری هەولێر. وێنە:964
“میزکردن لێرە قەدەغەیە”
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری ئاودەست لە سەنتەری شاری هەولێر، بەشێک لە هاوڵاتیان پەنا دەبەنە بەر کۆڵانی گەڕەکەکانی دەوروبەری بازاڕ، بۆنێکی ناخۆشی لە بەشێکی ئەو کوچە و کۆڵانانە دروستکردووە، وای لە بەشێک لەو ماڵ و شوێنانە کردووە لەسەر دیوارەکانیان بنوسن “میزکردن لێرە قەدەغەیە”.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە 964ـی وت، “شارەوانیی هەولێر، لە چوارچێوەی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر و دەوروبەری، لە پلانیدایە لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە چەند شوێنێکی سەنتەری شاری هەولێر، شوێنەکانی خزمەتگوزاری ئاودەست دروست بکرێن”.
قایمقامی هەولێر ئەوەش دەڵێت، “بۆ هەر دیاردەیەکی ناشارستانی و نابەجێ، لیژنەکانی قایمقامیەت بەدواداچوون و لێپرسینەوە دەکەن”.
لە سەنتەری شاری هەولێر، لە بازاڕی داون تاون و بازاڕی نیشتمان ئاودەست هەیە، بەڵام شوێنەکان کرێن، بۆ هەر سەردانیکردنێک بڕی 500 دینار وەردەگیرێت، بەیانیان لە کاتژمێر 8:00 تا کاتی داخستنی بازاڕەکان کراوەن.
جگە لەو شوێنانە، هاوڵاتییان ئاودەستی مزگەوتەکان بەکاردێنن، بەشی زۆری مزگەوتەکانی سەنتەری شاری هەولێر، لە دوای نوێژی عیشا دەرگاکانیان دادەخرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی